جیهان لە چاوەڕوانی جەنگی تانکە ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ مۆسکۆدایەو، بەرپسانی باڵای ڕووسیاش داوا دەکەن چرکەکانی بەگەڕخستنی کاتژمێری جەنگی ئەتۆمی ڕابگرن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری بەکار هێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کریملنەوە.
یەکەم دەستەی سەربازانی ئۆکراین گەیشتنە ئەڵمانیا تا لەسەر بارهەڵگری شەڕکەری پیادەی جۆری “ماردەر” ڕاهێنانیان پێبکرێت، لە کاتێکدا پێشبینی چڕبوونەوە و خێراکردنی پڕچەککردنی کیێڤ لەلایەن ناتۆوە بووەتە مایەی ترس و نیگەرانی وڵاتانی جیهان.
توێژەرێکی ڕووسی پشتڕاستی دەکاتەوە، مۆسکۆ بەنیازی ئەوە نییە لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ بگاتە شەڕێکی سەرتاسەری، لێکۆڵەرێکی ئۆکراینیش پێی وایە شەڕی یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی نزیکە، بە پاڵپشتی ناتۆ.
سەبارەت بە گرنگی وەڵامدانەوەی بەرلین و واشنتۆن بۆ داواکارییەکانی کیێڤ، و پاڵپشتیکردنی بە تانک، گۆڤاری ” فۆرن پۆلیسی”ی ئەمریکی ڕایگەیاندبوو، کە تانکی ئەبرامز و زرێپۆشی برادلی و ماردەر سێیەم بەهێزترین میکانیزمەکانی شەڕی مۆدێرنن.
گۆڤارەکە ئەوەشی خستبووە ڕوو؛ کیێڤ بە وەرگرتنی ئەم پشتیوانییە زەمینە خۆش دەکات بۆ هێرشی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ڕووسیا، بەڵام ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟
ئەلێکساندەر هۆفمان، ڕاوێژکاری ڕووسیا بۆ پەیوەندییەکان و سیاسەتە ستراتیژییەکان، دەڵێت؛ پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و ناتۆ، یان پەرەسەندنێکی ڕیشەیی کە بەکارهێنانی چەکی ستراتیژی تێدابێت، ڕوونادات.
بە بۆچوونی هۆفمان، ڕۆژئاوا ناتوانێت گورزێکی کوشندە لە ڕووسیا بدات، بەو پێیەی ڕێگری هەیە، ڕووسیاش هەوڵی ئەوە نادات دژی لایەنی ئۆکراینی، شەڕێکی هەمەلایەنە و بەرفراوان بکات، بۆئەوەی جەنگێکی درێژخایەنی نەبێت بە ڕیشەوە وەک ئەوەی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان تووشی هات.
ئەکیکساندەر هۆفمان بەڵگەی ئەم قسانەی بە وتارێکی ئەم دواییەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەهێنێتەوە، کە جەختی لەوە کردبوو، ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان پاراستنی ڕووسیا و دانیشتووانەکەیەتی لە هەر هەڕەشەیەک نەک شەڕێکی سەرتاسەری.
هۆفمان چەند بەربەستێک دەخاتە ڕوو کە وادەکەن هێرشە دژە نزیکەکەی کیێڤ بۆ وەرگرتنەوەی خاکەکانی قورس بێت، لەوانە:
- یەکەم: کاتی ڕاهێنان
ئەو چەکانەی کە لەلایەن ناتۆوە دابین دەکرێن، پێویستیان بە مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی ئۆکراین هەیە و ڕێوشوێنی خۆ گونجاندن لەگەڵ کاتی گەیاندنی کەرەستە سەربازییەکان بۆ ئۆکراین، ماوەیەکی زەمەنی دووری دەوێت.
- دووەم: هاتنی پسپۆڕانی سەربازی
بۆ ئەوەی دژە هێرش بەرهەمی هەبێت، پێویستە بە شێوەیەکی بەرفراوان پسپۆڕانی بیانی بخرێنە ناو یەکە سەربازییەکانی ئۆکراین، کە ئاشنابن بە سیستەمی چەکی دابینکراو و ئۆپەراسیۆنەکانیان، ئەمەش ڕێکەوتە لەگەڵ بارودۆخی شەڕی ڕاستەقینەدا و کاتی دەوێت.
- سێیەم: چڕبوونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا
گەر سەیری ڕادەی لاوازی ناوەندەکانی دابینکردنی هێزەکانی ئۆکراین بکەین بە بەراورد بە ناوەندەکانی ڕووسی، نەبوونی توانای کیێڤ بۆ زیانگەیاندن بە هێڵەکانی بەرگریی ڕووسیا بەڕوونی دیارە.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆمکین پورڤات، پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی تاڤریسکی ئۆکراین، پێی وایە، ئاڵۆزییەکان کە پێ دەنێنە ساڵی دووەمەوە، شەڕە ڕاستەقینەکان دەبن و هێزەکانی ئۆکراین دەست دەکەن بە “رزگارکردنی” ئەو خاکانەی کە مۆسکۆ بەم دواییە لکاندوونی بەخۆیەوە، بەجۆرێک؛
-هەوڵەکانی کیێڤ بۆ بەدەستهێنانی ئامێر و چەکی پێویست لە ناتۆ لە زووترین کاتدا و پێش کۆتایی هاتنی وەرزی زستان دەستەبەردەبن.
-ڕێککەوتنی ئەم دواییەی ئەڵمانیا و ئەمریکا بۆ ناردنی تانکی قورس بۆ ئۆکراین، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕۆژئاوا دۆخی دووبەرەکی تێپەڕاندووە لەسەر ئەو پاڵپشتییەی کە پێشکەشی کیێڤی دەکات، ئەمەش لە ئێستاوە مۆسکۆی نیگەران کردووە، کە بە تۆنێکی گڕتر هەڕەشە لە بەرلین بکات.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لە بارەی ناردنی تانک بۆ کیێڤ، مۆسکۆ دووپاتی کردەوە کە جیهان ڕووبەڕووی هەڕەشەی جەنگی جیهانی سێیەم بووەتەوە و دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا داوای لە سەرکردەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا کرد، چرکەکانی بەگەرخستنی کاتژمێری جەنگی ئەتۆمی ڕابگرن.