دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لە پاشەكەوت و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات، كە لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە هەردوو كابینەی هەشتەم و نۆیەم بۆ چەند ساڵێك پەیڕەو كراوە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سكاڵایەك لە بەردەم دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر پاشەكەوت و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆماركراوە و لە 2ی شوبات دادبینی تێدا دەكرێت.
وتیشی، “ئەو سكاڵایە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆمار كراوە بەهۆی خەرج نەكردنی مووچە و پاشەكەوت و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كۆتاییەكانی ساڵی 2015 تاوەكو مانگی 12ی ساڵی 2022”.
لەلایەن كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمەوە بڕیاری پاشەكەوتی مووچە بەڕێژەی دیاریكراو لەگەڵ ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە درا و بەهۆیەوە مووچەی 4 مانگی 2015 دابەش نەكرا و لە سەرەتای 2016ەوە پاشەكەوت لە مووچە دەستی پێكرد و لە كابینەی نۆیەمیشدا سەرەڕای دابەشنەكردنی چەند مووچەیەك، لێبڕین لە مووچە بۆ چەند مانگێك درا، كە بەڕێژەی 18% بۆ 21%ی مووچە بڕدرا.