دوای چەند مانگێك لە گرژی و ئاڵۆزی نێوانیان و شەڕی ڕاگەیاندن، ئەمڕۆ شاندی باڵای یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە شاندی باڵای مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكان و خشتەیەک دادەنێین بۆ چارەسەری کێشەکان، لەبەرئەوەی بە دانیشتنێک ڕەنگە ئەم کێشانە چارەسەر نەبن، بەڵام کێشەکانیش ئەوەندە گەورە نین لێیان بترسێین و پێمانوابێت چارەسەر ناکرێن.
خاڵی ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرن بۆ گفتوگۆ لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، لەوانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرسی داهات و خەرجییەکان، یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا و دەرەوە، پرسی حکومەت و گەڕانەوەی تیمی وزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
لای خۆشیەوە، د.سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتیی ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ كۆدەبینەوە تاوەكو لە نزیکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ هەر کێشە و گرفتێک هەیە بتوانین چارەسەری بکەین، چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، هەروەها چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوان هەردوو حکومەتدا هەن، بەتایبەت لەم دوایانەدا چەند بڕیارێک دراون بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەین.
هاوكات، عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئێمە دوو حیزبی بەرپرسیارین، ئەرکی ئەو قۆناغە و ئەزموونی هەرێمی کوردستانمان لە ئەستۆدایە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ناکۆکیشمان هەبێت خاڵی هاوبەشمان زۆرە، هەوڵدەدەین بە خاڵە هاوبەشەکانمان دەستپێبکەین و ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین”.
شاندی پارتی پێكهاتوون لە جەعفەر ئیمینکی و مەحمود محەمەد و پشتیوان سادق و ئومێد سەباح و هێمن هەورامی.