بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی پێیوایە، لەگەڵ یەكێتی خاڵی هاوبەشیان زۆرە و بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیش لەخاڵە هاوبەشەكانەوە دەستپێدەكەن ڕەتیشیدەكاتەوە ئەوان “لە فرەبازنەیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بترسین، ئەوەی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردە لەكاتی وادەی خۆیدا”.
ئەمڕۆ هەینی، عەلی حسێن بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند”ئێمە ئەزموونێكمان لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەم ئەزموونەش پێویستی بەدڵسۆزی و پێكەوەكاركردنی هەموو نیشتمانپەروەران هەیە، بەرەوپێشچوونی باش لەبوارە جیاجیاكان هاتۆتەئاراوە، بەڵام كەمووكورتیشمان هەیە”.
لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی، عەلی حسێن وتی”كۆبونەوەی سبەینێ شەممەی یەكێتی و پارتی وەك چۆن لەرابردووش كۆمەڵێك گرفت هەبووە، بەڵام بەدیالۆگ و گفتووگۆ گرفتەكانمان چارەسەركردووە، بەهەمانشێوە دەبێت، ئێمە دوو حزبی بەرپرسیارین و ئەركی قۆناغەكەمان لەئەستۆیە، هەوڵدەدەین لەخاڵە هاوبەشەكانمانەوە دەستپێبكەین و كێشەكان چارەسەر بكەین”.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی پارتی”رێكەوتنی ستراتیژیمان كردبوو ئێمە لەگەڵ ئەوەدابووین ئەو رێكەوتنە بەردەوام بێت، ئەو قسانەی لێرەو لەوێش دەوترێن درێژكراوەی گرفتەكانی رابردوون، ئێمە لە هەرێمی كوردستان چەند حزبێكی جیاین و روئیای جیامان هەیە بۆ كاركردن و حكومڕانی و شێوازی مامەڵكردن لەگەڵ بەغدا، بەڵام خاڵی هاوبەشیشمان هەیە و هەوڵدەدەین لەسەر خاڵە هاوبەشەكان گفتووگۆ بكەین، لەبەرئەوە لە دوای دانیشتنەكانیش گرفتەكان هەر دەبن”.
بە بۆچوونی عەلی حسێن”پارتی و یەكێتی بەتەنیا بەرپرس نین، بەڵكو سەرجەم لایەنەكانی دیكەش بەرپرسن لەدۆخی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە بەرپرسی سەرەكین ئەگەرنا ئەم كوردستانە هی هەموانە و هەموان لێی بەرپرسین، ئێمەش لەگەڵ یەكێتی شەریكین لەحوكمڕانی و پێكەوە كاركردن دەبێت گفتووگۆ بكەین بۆ چارەسەری كێشەكان”.
لە درێژەی قسەكانیدا بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی وتی”ئێمە وەكو پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنداین و پێشتر سەرۆكی هەرێم كاتی هەڵبژاردنی دیاریكرد، تێبینیمان لەوە هەبوو ئەو حزب و لایەنانەی داوای هەمواری یاساكەیان دەكرد دەبوو زوتر داوایان بكردایە و پێمانوابوو كاتەكە زۆر درەنگ بوو، ئەگەرنا زۆر ئاساییە، سەبارەت بە چەند بازنەیەكیش بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن ئاساییە و ناترسین لەهەموو بارەكاندا لەگەڵئەوەداین هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت”.
عەلی حسێن دەڵێت”ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا نەكرێت ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە و هەم خەڵكی كوردستان و هەم دۆستەكانمان لەدونیا حەقی خۆیانە لێمان قبوڵ نەكەن”.