لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی لەپەیامێكدا لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییەوە ڕایگەیاند”كەی دەسەڵاتدارانی كوردستان لەو سیاسەتانەی دادگای ئیتحادی عێڕاق ئاڕاستە دەكات، حاڵی دەبن؟!”.
لیژنەی كاری هاوبەشی پارتە چەپەكانی كوردستان كە پێكهاتوون لەحزبەكانی (زەحمەتكێشان، شیوعیو بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان) دەڵێن “دادگای فیدڕاڵی وەك ئاڕاستەی ساڵانی پێشتری، بڕیارێكی دیكەی خستە سەر بڕیارە كەڵەكەبووەكانی دیكەی دژ بەهەرێمو گەلە خۆڕاگرەكەی”.
ڕاشیگەیاند “ناردنی 400 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم كە بەشێكبووە لەڕێكەوتنی دامەزراندنی حكومەتی فیدراڵو لەلایەن سەرجەم لایەنەكانی دامەزرێنەری حكومەت مۆركراوە، لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەم بابەتەیان بەدەستكەوتێكی زۆر گرنگ دەزانی، بەڵام زۆر بەڕوونی دەركەوت، ئەم بڕیارەی دادگا بەشێكە لەگەمەیەكی سیاسی دەسەڵاتدارانی عێراق”.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات “كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەوەزیری دارایی دەڵێت ئەو بڕە پارەیە بنێرەو وەزیری دارایی قایل نابێتو پاشان لەدادگای ئیتحادی سكاڵا دەكرێتو ئەمجۆرە بڕیارە وەردەگیرێت، كەواتە ئەم بڕیارەی دادگا تەواوكەری بڕیارەكانی دیكەیە كە ناردنی نەوت لەهەرێمی كوردستان بەنادەستووری دادەنێت”.
دەشڵێت “ئێمە لەلیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی چاوەڕێی ئەمجۆرە هەڵوێستانە لەدادگای ئیتحادیو ئەوانەی ئاڕاستەی دادگای ئیتحادیش دەكەنو نەخشەی كاریان بۆ دادەنێن، دەكەینو هیچ كاتێك ئەم بابەتە جێگەی سەرسوڕمان نییە، بەڵام ئەوەی دڵگرانی كردوین نەبوونی هەڵوێستە بەیەك پاكێج لەلایەن دەسەڵاتدارانو سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەكوردستاندا، چونكە بینیمان تەنها ناڕەزاییان سەبارەت بەبابەتی نەوتو 400 ملیار دینارەكە دەربڕی “.
باس لەوەش دەكات:”هەڵوێستەكانی حكومەتی ئێستای عێراقو حكومەتەكانی پێشتریشو بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی ئاماژەیەكی ڕوونە، بابەتی ڕێككەوتن و هاوسەنگیو هاوبەشی دەمێكە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا نەماوەو سەرجەم ئەو لایەنە دەسەڵاتدارانە لەدەوڵەتی عێراقدا ململانێ لەگەڵ گەلی كوردستاندا دەكەن، كەچی دەسەڵاتدارانی كوردستان لەم هەلومەرجەدا خەریكی ململانێی ناوخۆین، ناسەقامگیریی ناوخۆییان بۆ هەرێم دروستكردووەو ڕاكەڕاكەیان بۆ چوونە بەغداو خەیاڵیان لای پرۆسەیەكی سیاسی شكستخواردووە”.
ئەوەش خراوەتەڕوو “لەوە دەچێت دەسەڵاتدارانی كوردستان تەنها بەوە ڕازیبن، سەرۆك كۆمارو ئەندامانی پەرلەمانو جێگری سەرۆك وەزیرانو چەند وەزیرو بەڕێوەبەرێكی گشتییان لەبەغدا هەبێت لەسایەی پرۆسەیەكی سیاسییدا، كە چەندین ساڵە كۆتاییهاتووەو دەوڵەتی قوڵ حوكمی ڕاستەقینەی عێراق دەكات، گەلی كوردستان چاوەڕێی هەڵوێستی ڕوونتر لەحكومەتی كوردستانو لایەنە سیاسییەكان دەكات، هەڵوێستێك كە پەیوەندیی بەناوەڕۆكی خودی پرۆسە سیاسییە شكستخواردووەكەی دەوڵەتی عێراقەوە بێت”.