بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو پارتی و یەكێتی كۆببنەوە.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیای حيزبەكەی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممەی داهاتوو پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە، ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە لەم دواییەدا بەجۆرێك توند بوونەتەوە، تیمی وەزاری یەكێتی بەشداری لە كۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێمدا ناكەن.
ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی ئەمنی، دارایی و ئابووری، هەڵبژاردن و چەند بابەتێكی دیكەن.
لە دوای سەردانی شاندێكی باڵای ئەمریكا بەسەرۆكایەتی برێت مەكگۆرك نوێنەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بۆ هەرێمی كوردستان، هەوڵەكانی ئاشتەوایی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دەستیانپێكردووە، چونكە شاندی ئەمریكا گوشاری كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا.
بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكەی ڕۆژی شەممەی نێوان پارتی و یەكێتیدا، باسی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانیان و گەیشتن بەڕێككەوتنێكی نوێ دەكرێت.