دوابەدوای گۆڕینی پارێزگاری بانكی ناوەندی و خستنەبازاڕی بڕێكی زۆر دۆلار، دوێنێ بەهای دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە بەهاكەی بەرزبووەوە و لە ئێوارەدا و لەكاتی داخستنی بازاڕی دراوەكان دووبارە بەهاكەی دابەزییەوە.
ماوەی مانگێكە بەهای دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە و تا ئێستا بانكی ناوەندی سەرەڕای ڕاگەیاندنی چەندین ڕێكار و دەركردنی چەندین بڕیار لەلایەن حكومەت و سەرۆك وەزیرانەوە، بەڵام نرخەكەی كۆنتڕۆڵ نەكراوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو بەهای 100 دۆلار بۆ 158 هەزار و 500 دینار دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دراوەكان دووبارە نرخی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردەوە و گەیشتەوە 162 هەزار و 800 دینار.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی ئێوارەدا نرخی دۆلار جارێكی دیكە دابەزی و بە 161 هەزار و 500 دینار بازاڕ داخرا.
هاوكات لە بۆرسەی بەغدا بەهای دۆلار دابەزییەوە بۆ 160 هەزار دینار و لە بۆرسەی بەصرە بووە بە 159 هەزار و 500 دینار.