سەرۆك كۆماری عێراق، لەتیف رەشید رایگەیاند، پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ توركیا ھەیە و ئومێد دەكەن پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات پتەوتر بكرێن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەتیف رەشید پێشوازیی كردووە لە ژمارەیەك باڵیۆزی وڵاتانی ئاسیا لە بەغدا.
لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەداوە، گرنگە ھاریكارییە ھاوبەشەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئاسیا پتەوتر بكرێن و تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی ئەمڕۆ عێراق دوور لە تیرۆر، توندڕەوی و جەنگ لە سەردەمێكی نوێدا دەژێت و بە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی وتوە “ئاواتەخوازم ئەم پەیامە بگەیەننە وڵاتەكانتان”.
سەرۆككۆماری عێراق باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ كردووە “پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشە، ھەروەھا پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ توركیا ھەیە، ئومێد دەكەین پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات پتەوتر بكرێن”.
باسی لەوەش كردووە، بەم زووانە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پەسەند دەكرێت “ژمارەیەك پلانی ستراستیجیمان بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەی نێشتەجێبوون، بنیاتنانی شاری پیشەسازیی، ھەروەھا تەواوكردنی بەنداوی گەورەی فاو و زیادكردنی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز داناوە”.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆككۆماری عێراق باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵیی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كردووە و جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا باشە و رایگەیاندووە حكوومەتی فیدراڵیی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خواستی ھاوبەشیان ھەیە بۆ ئەوەی پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بكەن.