فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە ٩١٣ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا دەژین.
فەرمانگەکە بڵاویکردووەتەوە، بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەی ئاوارەكان بەگشتی لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی ٦٦٥ هەزار و ڕێژەی پەنابەرانیش زیاتر لە ٢٤٨ هەزار كەس بووە، ئەمەش دەریدەخات كە زیاتر لە ٩١٣ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا دەژین.
فەرمانگەکە راشیگەیاندووە، ڕێژەی ئاوارەكان بە گشتی لە هەرێمی كوردستان، ٦٦٤ هەزار و ٧٩٨ كەس بووە و ژمارەی ئاوارەكانی ناو كەمپ، كە ١٧٤ هەزار و ٧٠٦ كەس بووە، ١٠٢ كەسیان گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی ئاوارەی نوێ یان دووبارە هاتوو بۆ ناو كەمپ ٢٣٠ كەس و ڕێژەی ئاوارەكان لە دەرەوەی كەمپیش ٤٩٠ هەزار و ٩٢ كەس بووە.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی پەنابەران بەگشتی لەهەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ڕابردوو ٢٤٨ هەزار و ٤٣٤ كەس بووە، لەم ڕێژەیەش ٩٣ هەزار و ٩٦٦ كەسیان پەنابەری ناو كەمپەكان بوون و دەرەوەی كەمپەكانیش ١٥٤ هەزار و ٤٦٨ پەنابەر بووە، هەروەها ڕێژەی پەنابەرە گەڕاوەكان بۆ شوێنی خۆیان ٣٧٦ كەس بووە و ڕێژەی پەنابەرانی نوێ یان دووبارە هاتوو بۆ ناو كەمپیش ٤٨٢ كەس بووە.