ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە لەماوەی دوو مانگدا 304 كەس بەتۆمەتی بازرگانی كردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون و دەشڵێت: “زیاتر لە 363 كیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە”.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە هەوڵە بەردەوامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەپێناو سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست، لە لایەن دامەزراوەكانمانەوە لە رێكەوتی 21ی تشرینی دووەمی 2022 تا 21ی كانوونی دووەمی 2023 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش بە هاوكاری و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر، توانرا 108 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددەهۆشبەرەكان و 196 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیر بكرێن.
ڕاشیگەیاندووە، دەستیان گرتووە بەسەر 363,432 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر كە پێكهاتوون لە (7,173 كیلۆگرام كریستاڵ، 1,409 كیلۆگرام هیرۆین، 77,031 كیلۆگرام حەشیش، 23,980 كیلۆگرام تلیاك، 259 گرام جامایكا، 45 گرام ماریگوانا، 203,535 كیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری كاپتاگۆن، 50 كیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری لكزز، 81 شیت حەبی ترامادۆڵ).
ڕوونیشی كردۆتەوە، سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیركراو پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كراون.
دەشڵێت: “داوكارین لە هاووڵاتییان خۆیان بەدوور بگرن لە بەكارهێنانی ئەم جۆرە ماددانە و هاوكار و هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەكان بكەن لە هەر زانیارییەك لەبارەی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان.