نرخی دۆلار لە لوبنان، لەبەرامبەر دراوی نیشتمانی وڵاتەكەدا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، نرخی دۆلار لە لوبنان بە 51,800 و 52,00 لیرە مامەڵەی پێوەكرا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە لوبنان لەنێوان 51500 و 51800 لیرەدا بوو.
تەنگژەی ئابوری لە لوبنان لە كۆتایی ساڵی 2019وە دەستیپێكرد، لەو دەمەدا نرخی خەرجی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا لە 1500 لیرەوە (نرخی فەرمی خەرجی دۆلار) گەیشتە 2000 لیرە.
لەو دەمەوە بەهای لیرە بەردەوامە لە دابەزین و بووە مایەی ئەوەی زیاتر لە 80%ی لوبنانییەكان بخاتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، ڕێژەی بێكارییش بۆ نزیكەی 30% بەرزبۆتەوە و هەڵاوسانیش گەیشتۆتە 100%..
ماوەیەكە نرخی دۆلار لەبەرامبەر تمەنی ئێرانی و لیرەی سوری و لیرەی لوبنانی و دیناری عیراقی، بەشێوەیەكی بێ پێشینە ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، هەندێك هۆكارەكەی بۆ فاكتەری دەرەكی و هەندێكی تر بۆ فاكتەری ناوخۆیی دەگێڕنەوە.