ڕاوێژكارێكی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرای دەكات، كە هەندێك پێیان وابووە پەلە ناكەن لە جێبەجێ كردنی مەرجەكانی بانكی فیدڕاڵی ئەمریكی، كە ئێستا بۆتە هۆی كەمبوونەوەی دۆلار و گران بوونی، بەڵام بە ڕێكارە نوێیەكان بەم زووانە نرخی دۆلار دەچێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
ئیحسان شەمران، ڕاوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق بە ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی ڕاگەیاندووە، ” ڕێوشوێنە نوێكان و ئەوانەی پێشووتریش بانكی ناوەندی و لایەنە پەیوەندیدارەكان گرتویانەتەبەر، نرخی دۆلار لەبازاڕی ڕەش دەگەڕێنێتەوە نرخی فەرمی، كە 1470 دینارە بۆ هەر دۆلارێك.
دەشڵێت: “هەندێك چاوەڕوان بوون بانكی ناوەندی پەلە نەكات لەجێبەجێكردنی مەرجەكانی بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا لەفرۆشتنی دۆلار لەڕێی سەكۆی حەواڵەكان، كە بووە هۆی كەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلاری فرۆشراو و دران بوونی نرخەكەی”.
ئاشكراشی كرد، مەرجی تێپەڕاندنی مامەڵەكانی هاوردەكردن بە ئەستۆپاكی باجیان هەڵوەشاندەوە هەروەها تەواوكردنی ئەماناتی باج و تاریفەی گومرگیان هەڵوەشاندۆتەوە بۆ باشكردنی كاری پەنجەرەی فرۆشتنی دراو بۆ كڕیارانی دۆلار.
ڕاوێژكارەكەی بانكی ناوەندی جەختیشی كردۆتەوە، لەبەرۆشنایی ئەو ڕێوشوێنە تازانە و ئەوانەی پێشووتریش، پێشبینی دەكەین بەمزووانە دۆلار بگەڕێتەوە بۆ نرخی ئاسایی خۆی، بەتایبەت كە بانكی ناوەندی داوای لەبانكەكانی هاوكاری كردووە ئاسانكاری بۆ ڕێوشوێنەكانی دانان و حەواڵەكردنی پارەی بازرگانەكان بكەن بۆ دەرەوە.