بانكی ناوەندی لە هەفتەی ڕابردوودا تەنیا 591 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زۆر كەمی فرۆشتنی دراوەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دادەنرێت بەراورد بە چەند مانگێك لەمەوبەر كە فرۆشتنی هەفتانە ملیارێك دۆلاری تێدەپەڕاند.
بەپێی ئامارە بڵاوكراوەكانی بانكی ناوەندی عیراق، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 591 ملیۆن و 316 هەزار و 840 دۆلار لەلایەن بانكەكەوە فرۆشراوە، تێكڕای فرۆشتنی ڕۆژانەش 118 ملیۆن و 263 هەزار و 368 دۆلار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر بەڕێژەی 63.82% دابەزیوە.
لە ئامارەكانی بانكی ناوەندیدا دەردەكەوێت كە فرۆشتنی زۆرترین بڕە دۆلار لە ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوودا بووە و 219 ملیۆن و 978 هەزار و 420 دۆلار بووە، كەمترین فرۆشتنیش لە سێ شەممەی ڕابردوودا بوو كە 61 ملیۆن و 582 هەزار و 784 دۆلار بووە.
زۆربەی فرۆشتنەكان وەك لە ئامارەكاندا ئاماژەیان پێكراوە، لە شێوەی فرۆشتنی كاشدا بووە، هەر دۆلارێكیش لەلایەن بانكەكەوە بە 1460 دینار فرۆشراوە.
ماوەیەكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی 165 هەزار دیناری عیراقی تێپەڕاند.