ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریكایی باس لە هۆكاریی ڕاستەقینەی پشت ڕێكارەكانی بانكی فیدراڵی ئەمریكایی دەكات، لەدژی بەقاچاخبردنی دۆلار لە عیراق و دەڵێت، عیراق وەك پەناگەیەك بۆ شۆردنەوەی پارە لە بەرژەوەندی تاران و دیمەشق بەكاردەهێنرێت.
ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسانی عیراقی و ئەمریكاییەوە بڵاویكردەوە”بانكی یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرك لە مانگی تشرینی دووەمی 2022وە دەستیكردووە بە سەپاندنی چەند ڕێگەچارەیەك بەسەر مامەڵە نێودەوڵەتییەكان بە دۆلار لەلایەن بانكە بازرگانییەكانی عیراق، وەك هەنگاوێك بۆ بەرگرتن لە شۆردنەوەی پارە و دەستگرتن بەسەر ئەو دۆلارانەی بەشێوەیەكی نایاسایی دەبرێنە ئێران و وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە سزای توندییان بەسەردا سەپێنراوە”.
بەرپرسانی ئەمریكایی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵ-یان ڕاگەیاندووە”عیراق وەك پەناگەیەك بۆ شۆردنەوەی پارە لە بەرژەوەندی تاران و دیمەشق بەكارهاتووە، بەجۆرێك دۆلار لە عیراقەوە بۆ كەسانی نەناسراو حەواڵەكراوە”.
بە وتەی بەرپرسانی ئەمریكایی وەك ڕۆژنامەكە باسی دەكات”بەرپرسانی ئەمریكایی دەیانەوێت ڕێگە لەو (لایەنە گڵاوانە بگرن) كە بانكەكانی عیراق بەكاردەهێنن، ڕێكارەكانی حەواڵەكردنی پارەی كاش لە عیراقەوە، ئامانج لێی ڕێگرتنە بە ڕۆیشتنی دۆلار بۆ تاران”.
ماوەیەكە نرخی خەرجی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆی عیراقدا بەشێوەیەكی بەرچاو لەبەرامبەر دیناری عیراقی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، بەجۆرێك ئەمڕۆ پێنج شەممە، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی گەیشتە نزیكەی 167 هەزار دینار، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بانكی ناوەندی عیراق هەوڵدەدات لەڕێی زیادكردنی فرۆشتنی دۆلارەوە نرخی دراوەكە داببەزێنێت، بەڵام تادێت بەهای دراوەكە ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بەبۆچوونی هەندێك لە شارەزایانیش، ڕەنگە نرخی دۆلار زۆر زیاتر لەم نرخەی ئێستای لەبەرامبەر دراوی نیشتمانیدا بەرزببێتەوە.