چوار تۆمەتباری هێرشەكەی مێردین دەستگیركران



 

پارێزگاری مێردین لە باكووری كوردستان ڕایگەیاند چوار تۆمەتباری هێرشەكەی سنووری شارۆچكەی نسێبین دەستگیركراون.

پارێزگاری مێردین لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەسەر هێرشەكەی نسێبین چوار كەسیان دەستگیركردووە و لێكۆڵینەوەيان دەستپێكردووە.

شەوی ڕابردوو لە شاری نسێبینی سنووری پارێزگەی مێردینی باكووری كوردستان كەسێك هێرشی كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێك و دەسڕێژی گوللەی لێكردووە، لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەشدا چوار كەس كوژراون و كەسێكی دیكەش بریندار بووە.

بەپێی زانیارییەكان، قوربانییەكان لە بنەماڵەیەكن و خەڵكی شاری دهۆكی باشووری كوردستانن.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕووداوەكەی سنووری مێردینی باكووری كوردستانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند “بە داخێكی زۆرەوە، دوێنێ شەو لە ڕێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین لە توركیا، لە ئەنجامی هێرشكردنە سەر چەند هاونیشتمانییەكی هەرێمی كوردستان، چوار كەس گیانیان لە دەستدا و یەكێكیش بریندارە”.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد “لە كاتێكدا بە توندی ئەم تاوانە سەركۆنە دەكەم، داوا لە حكومەتی توركیا دەكەین كە بە زووترین كات، هۆكارەكانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە ڕوون بكەنەوە و تاوانبارانیش ڕووبەڕووی دادگا بكەنەوە”.

لە ماوەی ڕابردووشدا چەند جارێك هاووڵاتیانی باشووری كوردستان لە باكووری كوردستان و توركیا ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار بوونەتەوە.

شەپۆلێكی نوێی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێدەكات
پێت شەپۆلێكی نوێی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێدەكات
پاڵەپەستۆی هاندەران لە بەسڕە كوژراو و برینداری لێكەوتەوە
دوات پاڵەپەستۆی هاندەران لە بەسڕە كوژراو و برینداری لێكەوتەوە
پەیوەنیدر