چین و ڕووسیا لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان بەتووندی دژی ئەمریكا هاتنەسەرهێڵ
ڕۆژئاوای كوردستان هەرچەندە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە هەوڵی لەناوبردن یان لاوازكردنی دەدرێت، ئێستا خەریكە دەچێتە نێو ململانێ نێودەوڵەتییەكان و ڕكابەرییەكانی ئەمریكا و چین و ڕووسیاوە، ئەوەی زیاتر بابەتەكەی جێبایەخكردووە، بوونی سەرچاوەی نەوت و سامانی سروشتییە لەڕۆژئاوای كوردستان كە ئێستا لە ژێر دەستی ئەمریكاییەكاندایە.
ئێستا شەڕێكی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئەوروپا و ڕۆژئاواییەكان لەگەڵ ڕووسیا و چین لەسەرانسەری جیهاندا دەستیپێكردووە، لەپاڵ شەڕی نیمچەڕاستەوخۆدا لە ئۆكراین، ئەگەری هەیە ئەم جەنگە لە بەهاری داهاتوودا ببێتە ڕاستەوخۆ، وەك كاربەدەستێكی باڵای ڕووسی دەڵێت، مۆسكۆ لە ئۆكراین ڕووبەڕووی ناتۆ دەبێتەوە.
وزە ڕەگەزێكی بنەڕەتی ئەو جەنگەی ئێستای خۆرئاوا و خۆرهەڵاتە، ڕۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستان پشكی باشیان لە بوونی وزە بەردەكەوێت، بۆیە لە پرۆژە و پلانەكانی هەرسێ زلهێزی جیهانیدا جێدەگرن.
لە نوێترین لێدواندا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمریكا خەریكی پێكهێنانی دەوڵەتی كوردییە لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش توركیای نیگەرانكردووە.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی ڕەوشی سووریا ڕایگەیاند، خواستی ئەمریكا بۆ بەكارهێنانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ دامەزراندنی نیمچە دەوڵەتێك لە ڕۆژهەڵاتی سووریا و جێبەجێكردنی فەرمانەكانی واشنتن نیگەرانیی توركیای لێكەوتووەتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەوان لایەنگری لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەكەن، بە هاوكاری مۆسكۆ، وەزیرانی بەرگریی سووریا و توركیا لە مۆسكۆ كۆبوونەتەوە و ئێستاش ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات دەكرێت.
لاڤرۆڤ سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا، دەبێت پەیوەندییەكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بكەوێتە سەر ڕێگای خۆی، “لە نیگەرانیی توركەكانیش لەسەر ئەو بابەتە تێدەگات”.
دەشڵێت “پێش ماوەیەك وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغلو، لێكتێگەیشتنی سۆچی كە دوورخستنەوەی ئەندامانی یەپەگە لە سنوورەكانی توركیا لەخۆدەگرێت و ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان ڕووسیا-توركیا قبوڵ كراوە، وەبیرهێنایەوە”.
سێرگی لاڤرۆڤ دەڵێت “چاوشئۆغڵو پێیگوتم هێشتا ڕووسیا سەرجەم (مادەكانی ئەم ڕێككەوتنامەیە)ی جیبەجێنەكردووە، بەڵی ڕاستدەكات، بەڵام ئەم پرسە، پرسێكی قورسە”.
چین یەكێكی دیكە لە زلهێزەكانی جیهانە، ئەو هاوپەیمانی ناڕاستەوخۆی ڕووسیایە، هەردووكیان لەگەڵ ئەمریكا لە كێبڕكێدان، ئەویش هاوتای ڕووسیا باسی لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد، بەڵام چین نیگەرانی چوونی نەوتەكەی ڕۆژئاوایە بۆ ئەمریكا، كاتێك ڕووسیا خوازیاری دەرهێنانی ڕۆژئاوای كوردستانە لە بندەستی ئەمریكا و گەڕاندنەوەی بۆ ئامێزی ئەسەد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڤانگ ڤینبین ڕایگەیاند، سەربازانی ئەمریكا نەوت و دانەوێڵەیان لە سووریا بە قاچاغ بردووە “لەبەرامبەر ئاشكرایی و ڕیسوایی تاڵانی وڵاتە یەكگرتووەكان لە سووریا تووشی سەرسوڕمان بووین”.
ڤانگ لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە پەكین هەڵسەنگاندنی بۆ بانگەشەی گواستنەوەی ٥٣ تانكەر نەوت لە رۆژی ١٤ی كانوونی دووەم لەلایەن سوپای ئەمریكاوە لە پارێزگای حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بۆ بنكەكانی لە عێراق كرد.
ڤانگ ڤینبین ئەوەی خستەڕوو، ئامارە فەڕمییەكانی نیوەی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢ی رژێمی ئەسەد لە سووریا ئاماژە بەوە دەكات، لە سەدا ٨٠ی ئەو نەوتەی لە سووریا دەردەهێندرێت لەلایەن ئەمریكاوە بۆ دەرەوەی وڵات بە قاچاغ دەبردرێت.
دەشڵێت: “ئەم چەتەگەراییە قەیرانی وزە و قەیرانی مرۆیی سووریا قوڵتر دەكاتەوە، مافی ژیانی گەلی سووریا لەلایەن ئەمریكاوە پێشێل دەكرێت، گەلی سووریا بە بڕێكی كەمی نەوت و خۆراك هەوڵ دەدەن ئەم زستانە سەختە بەڕێ بكەن”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بانگەشەی ئەوەی كرد، هێزەكانی ئەمریكا لەسەرەتای ئەم مانگەدا ٦٠ تانكەر و بارهەڵگری پڕ لە نەوت و دانەوێڵەیان لە سووریاوە بە قاچاغ بردووە “بەڕاستی چاوبرسێتی ئەمریكا كارێكی سەرسوڕهێنەرە، كە بەخشندەیی خۆی بۆ دابینكردنی دەیان ملیار دۆلار بۆ هاوكاری سەربازیی نیشاندەدات و لە هەمان كاتدا سەرچاوەكانی سووریا دەدزێت”.
ڤانگ داوای لە ئیدارەی واشنتۆن كرد، پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن و باجی دزینی نەوت بدەن “ئەمریكا لە كاتی بردن و پێدانیشدا وڵاتەكان بەرەو ئاژاوە و كارەسات پەلكێش دەكات و دواتر بۆ بەرژەوەندی و هەژموونی خۆیان بەرهەمەكەی دەچننەوە”.
ئەمریكا تادێت هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە ڕۆژئاوای كوردستان دەدات، بەتایبەت لە دوای هەوڵەكانی پێكهێنانی بەرەیەكی ڕووسی، سووری، توركی و ئێرانی دژی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان.
ئەم دەوڵەتانە دەمێكە خوازیاری دەرچوونی هێزە ئەمریكاییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستانن.
ڕووسیا و توركیا ڕێبەرایەتی هەوڵێك بۆ دروستكردنی بەرەیەكی دژە ئامریكایی دەكەن لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەمریكا لەوبارەیەوە بێدەنگ نییە، شرۆڤەكاران سەردانەكەی برێت مەكگۆرك نوێنەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بۆ ناوچەكە، بەكاردانەوەیەكی توندی واشنتن لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەدا نیشان دەدەن.
ئێستا بەردەوام شاندە جۆراوجۆرەكانی ئەمریكا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن، لەوێ جموجۆڵی سەربازی ئەمریكاش بەدیدەكرێن، دەڵێن ئەمریكا خەریكی خۆڕێكخستنەوەی سەربازییە.
بەپێی زانیارییەكان ئەمریكا پلانێكی نوێی سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەویش خۆڕێكخستنەوە و دووبارە دابەشبوونەوەی سەربازی و دروستكردنی چەند بنكەی سەربازی نوێیە.