مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕووداوەكەی سنووری مێردینی باكووری كوردستانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “بە داخێكی زۆرەوە، دوێنێ شەو لە ڕێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین لە توركیا، لە ئەنجامی هێرشكردنە سەر چەند هاونیشتمانییەكی هەرێمی كوردستان ، چوار كەس گیانیان لە دەستدا و یەكێكیش بریندارە”.
ڕاشیگەیاند “پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم بە بنەماڵە و كەس و كاریان دەگەیەنم و هاوخەمیانم ، هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكە دەخوازم”.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد “لە كاتێكدا بە توندی ئەم تاوانە سەركۆنە دەكەم، داوا لە حكومەتی توركیا دەكەین كە بە زووترین كات، هۆكارەكانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە ڕوون بكەنەوە و تاوانبارانیش ڕووبەڕووی دادگا بكەنەوە”.
شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداریدا لە شاری نسێبینی سەر بە پارێزگەی مێردینی باكووری كوردستان چوار كەس كوژران.
بەپێی زانیارییەكان، لە شاری نسێبینی سنووری پارێزگەی مێردینی باكووری كوردستان كەسێك هێرشی کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێك و دەسڕێژی گوللەی لێكردووە،لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەشدا چوار كەس كوژراون و كەسێكی دیكەش بریندار بووە.
بەپێی زانیارییەکان، قوربانییەكان لە بنەماڵەیەكن و خەڵكی شاری دهۆكی باشووری كوردستانن.
تا ئێستا هۆكاری ئەو هێرشە ڕووننەكراوەتەوە و پۆلیس لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە.
لە ماوەی ڕابردووشدا چەند جارێك هاووڵاتیانی باشووری كوردستان لە باكووری كوردستان و توركیا ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار بوونەتەوە.