پەیوەست بە چاودێریكردنی سیستمی غاز لە ماڵان و شوێنە گشتییەكاندا، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، ئازاد محەمەد ئەمین، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەند ڕووداوێكی تەقینەوەی غاز ڕوویداو بەهۆیەوە چەندین كەس بوونە قوربانی، چاودێرییەكی وردی سیستمی غاز كرا لە نێوماڵ و شوێنە گشتییەكان و كۆمەڵێك ڕاسپاردە و ڕێنمایی ئامادەكرا كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی خرانەڕوو، بە كۆی دەنگی ئەندامە بەشداربووەكانی ئەنجوومەن پەسەند كران و بەرپرسیاریەتییەكان و مۆڵەتپێدانەكان بۆ دانانی سیستمی غاز دیاریكران.
ئەوە لەكاتێكدایە لە نێو شاری سلێمانی گرفتی كەمی غاز هەیە و هاووڵاتیان بە ئاسان ناتوانن غازی پێویستی خۆیان بەردەست بخەن، پەیوەندیدار بەو بابەتە و لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیايی خەڵك سەبارەت بە میكانیزمەكانی چارەسەركردنی ئەو دۆخە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد، وتی، پشكی دیاریكراوی غاز بۆ سلێمانی زۆر كەمە، ڕۆژانە تەنها 12 تانكەر غاز بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی دابین دەكرێت، ئەوەش ڕێژەیەكی زۆر كەمە و بەشی هاووڵاتییان ناكات، ڕەوشی كارەبا خراپە، تا ئێستا نەوت لە بەشێكی زۆری ناوچەكان دابەشنەكراوە و خواستێكی زۆر لە سەر غاز هەیە و هاووڵاتییان ناچارن بەكاری بهێنن، بۆیە پێویستە ئەو بڕە زیاد بكرێت، چەند جارێكی دیكەش ئەو داواكارییەمان خستووەتەڕوو ،بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە.
وتیشی، وەك یەكێك لە چارەسەرەكان، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانمان بەر پرسیار كرد لە دیاریكردن و دابیكردنی غاز بۆ سنووری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.