تەها ڕەسووڵیان هونەرمەند و چالاكی مەدەنی ناسراوی خەڵكی پیرانشار لەلایەن هێزە حكوومەتییەكانەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێكی نادیار گوازرایەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، كاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢) ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٣)، هێزەكانی حكوومەت لە شاری پیرانشار تەها ڕەسووڵیان هونەرمەند و چالاكی مەدەنی خەڵكی ئەو شارەیان لە دووكانی یەكێك لە هاوڕێكانی ڕفاندووە.
بە وتەی یەكێك لە نزیكانی بنەماڵەی ڕەسووڵیان، هێزە ئەمنییەكان دوای ڕفاندنی تەها ڕەسووڵیان هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هونەرمەندە و وێڕای پشكنینی ماڵەكەی دەستیان بە سەر مۆبایلەكەیدا گرتووە.
هەتا كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد و دروست لەسەر هۆكاری دەستبەسەركرانی تەها ڕەسووڵیان و هەروەها چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی كە خراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.