وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئێران كۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، كە لەسەر یەكپارچەیی خاكی سوریا هاودەنگن و دەشڵێن: “ئاستی بازرگانی نێوانیان زیاتر دەكەن”.
مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی ڕایگەیاند، لەبارەی زۆر پرس لەگەڵ ئێران كۆكین و بەیەكەوە بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هاوڕابووین لەسەر یەكپارچەیی خاكی سوریا و هەوڵ دەدەین كۆبوونەوەی هاوبەشی داهاتوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا ئەنجام بدەین.
ڕاشیگەیاند، لە عێراق و ئێران و سوریا لە هەر شوێنێك پەكەكە هەبێت پێكەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە.
وتیشی، “بەهۆی سزاكانەوە ناتوانین وزەی زیاتر لە ئێران بكڕین و دەمانەوێت غازی زیاتر لە ئێران بكڕین، بەڵام ئەم زستانە كەمی كردووە”.
جەختیشی كردەوە، هەفتانە 200 گەشتی ئاسمانی لەنێوانمان ئەنجام دەدرێت و 200 كۆمپانیامان لە ئێران كاردەكەن و 2.2 ملیۆن گەشتیار لەماوەی ساڵێكدا لەنێوانیان هەبووە و دەشمانەوێت ئاستی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بگەیەنینە 30 ملیار دۆلار.
لای خۆشیەوە، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەین هەماهەنگی بكەین لەپێناو سەقامگیری ناوچەكە و پەیوەندییەكانمان لەبوارە جیاجیاكان تاوتوێ كرد بەتایبەت لەبواری ئاو و تیرۆریزمدا.
ئاشكراشی كرد، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان زۆر باشە و دەمانەوێت زیاتری بكەین.