بانكی ناوەندی عیراق تەنیا 61 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی كەمتر بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت، لە هەمان كاتدا نرخی دراوەكە بەشێوەیەكی نائاسایی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات.
ئەمڕۆ سێ شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 61 ملیۆن و 582 هەزار و 784 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی كەمتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێشوو.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 38 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 22 ملیۆن و 982 هەزار و 784 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.
هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 13 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوە و9 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 191 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی 100 دۆلار لە 162 هەزار دینار نزیكبۆوە.