فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە ڕایگەیاند “ئێمە هەڕەشەكانی توركیا بە جددی وەردەگرین، پێشبینی دەكەین لە مانگی شووباتدا هێرش بكرێتە سەر شارۆچكەی كۆبانێ”.
مەزڵووم كۆبانێ بۆ ماڵپەڕی مۆنیتەر ڕایگەیاند، توركیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئێمەش ئاگادارین كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی ناسیۆنالیستی كۆبكاتەوە و پێدەچێت پێیوابێت جارێكی دیكە بە هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوا دەتوانێت خزمەت بەم ئامانجە بكات.
كۆبانێ دەشڵێت “ئێمە هیچ جۆرە هەڕەشەیەك لە دژی توركیا و گەلەكەی و سنوورەكانی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە دروست ناكەین، من چەندین جار لە چاوپێكەوتنەكانی پێشووم لەگەڵ ئێوەدا ڕامگەیاندووە كە ئێمەی كوردی سووریا، هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر دەمانەوێت پەیوەندی ئاشتیانەمان لەگەڵ توركیادا هەبێت”.
ڕوونیشیكردەوە “ئێمە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێ لە سووریا هیچ كاتێك لە ناوخۆی سنوورەكانمانەوە هێرشمان نەكردووەتە سەر توركیا و تەنها لە كاتی هێرشی توركیا و هەمیشە تەنها لە سنوورەكانی سووریادا بەرگریمانكردووە، ئێمە هیچ نیازێكی دوژمنكارانەمان بەرامبەر توركیا نییە، چ ئێستا و چ لە داهاتوودا”.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد “پێشتر لە گۆڕەپانی سەربازی و دیپلۆماسیدا دیدار و گفتووگۆمان لەگەڵ توركیادا هەبوو”.
ئەم لێدوانە لەكاتێكدایە، ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا جارێكی دیكە هەڕەشەی لە ڕۆژئاوای كوردستان كردەوە.
كاڵن لەلێدوانێكدا دەڵێت “ئەگەری هێرشی سەر باكووری سووریا كراوەیە هەموو كاتێك، بە ئاستی مەترسییەكانەوە پەیوەستە”.
لای خۆیەوە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەمیر حووسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمەشق لە وەڵامی ڕۆژنامەوانێكدا لەبارەی ئەگەری كۆبوونەوەی كاربەدەستانی باڵای دیمەشق و ئەنقەرە و بانگەشەكانی كاربەدەستانی توركیادا ڕایگەیاند، دیمەشق پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاساییناكاتەوە تا كۆتایی بەداگیركاری توركیا لە باكووری سووریا نەهێندرێت.