سەرەڕای ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆچی نرخی دۆلار دانابەزێت؟



سەرەڕای گرتنەبەری چەند ڕێكارێك لەلایەن بانكی ناوەندییەوە و دەركردنی چەند بڕیارێك بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام هێشتا نرخی دۆلار بەرزە و بەهۆی هەڵكشان و داكشان لە بەهاكەیدا بازاڕی تووشی ئاڵۆزی و دڵەڕاوكێ‌ كردووە.

دۆلار “مۆتەكە”ی گیرفانی هاووڵاتیان
تا ئێستا بانكی ناوەندی نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بكات بەرامبەر بە دراوی بیانی بەتایبەت دۆلار، كە داهاتی نەوتی عێراق و هەرێم بە دۆلار دەگەڕێتەوە و هەروەها بۆ زۆرینەی كار و كاسبی، هاووڵاتیان پشتی پێ‌ دەبەستن و ئەوەش نرخی سەرجەم خۆراك و جلوبەرگ و پێداویستتی هاووڵاتیانی لە بازاڕدا گران كردووە و پسپۆڕێكی ئابووری دەڵێت: “لەمەودوا بانكی ناوەندی عێراق دۆلار بە نرخی فەرمی بە دۆلارفرۆشەكانی سلێمانی دەدات”.

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، لەناو بازاڕدا دەست بۆ كڕینی هەر شتێك دەبەیت گران بووە، ئەوەش زیاتر كاریگەری لەسەر گوزەرانی چینی هەژاران و ئەو كەسانە دەبێت، كە داهاتیان سنووردارە، كە ئەوانیش مووچەخۆرانن بە گشتی و بۆتە “مۆتەكە” بۆ گیرفانیان، بەجۆرێك لەگەڵ وەرگرتنی مووچەكانیان بەهۆی گرانی بازاڕەوە بەشی كڕینی پێداویستی نیوەی مانگەكەیان ناكات.

بانكی ناوەندی دۆلار بە خەڵكی هەرێم دەدات
دوابەدوای دەركردنی ڕێكارەكانی دابەزاندنی بەهای دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە و كردنەوەی پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلاری ڕاستەوخۆ لە بانكە حكومییەكانەوە بە هاووڵاتیان بە نرخی فەرمی، بڕیاریش دراوە لەڕێگەی لقی بانكی ناوەندی لە شارەكانی هەرێم دۆلار بە هاووڵاتیان بفرۆشرێت و بۆ ئەوەش چەند مەرجێك دانراوە.

ئومێد قەرەداغی، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی بڕیاری بانكی ناوەندی لەمەودوا دۆلار بە نرخی فەرمی (١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار دینار) بە دۆلارفرۆشانی شاری سلێمانی و شارەكانی دیكەی هەرێم دەفرۆشرێت.

وتیشی، “بەپێی مەرجەكانی بانكی ناوەندی، پێویستە هەر کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە کوردستان لانیکەم خاوەنی ٢ ملیار و نیو سەرمایە بێت، بۆیە ئەگەر نەتوانن ئەو بڕە سەرمایە دەستەبەر بکەن، پێویستە چەند کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو یەکبگرن تاوەكو بتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.

لای خۆشیەوە، لقی سلێمانی بانكی ناوەندی عێراق لە گشتاندنێكدا، كە ١٢ی ئەم مانگە بە ژمارە ٨٩ دەرچووە بۆ سەرجەم كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو، ئاماژەی بە مەرجەكانی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی كردووە و ڕوونی كردۆتەوە، دەبێت لەگەڵ ڕێنمایی بانکی ناوەندی خۆیان بگونجێنن تاوەكو بەرواری 1ی ئازاری ئەمساڵ.

وەك لە گشتاندنەكەدا هاتووە و دەست (خەڵك) كەوتووە، “تاوەكو ١- ٣- ٢٠٢٣ هەموو كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو سەردانی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی بكەن بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ ڕێنماییەكانی تایبەت بە وەرگرتنەوە و داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن، بەپێچەوانەوە مۆڵەتەكانیان لێ‌ وەردەگیرێتەوە”.

بەپێی ڕێنماییەكەی بانكی ناوەندی، دوو گروپ هەن، گروپی A نابێت سەرمایەکەی لە پێنج ملیار دینار کەمتر بێت، گروپی B نابێت سەرمایەیان لە دوو ملیار و نیو کەمتر بێ، بەمەشیوەیە بانکی ناوەندی مامەڵەیان ڵەگەڵ دەکات و لە فروشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی هاوبەشیان پێ‌ دەكات.

بۆچی دۆلار هەر گرانە و دانابەزێت؟
حسان یاسری، ڕاوێژكاری بانكی ناوەندی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هۆكاری بەرزبوونەوەی دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بانكی ناوەندی عیراق بۆ زیاتر لە ساڵێكە دستیكردووە بە ڕێكخستنی كەرتی پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی، كە كەرتێكی گرنگە، چونكە كەرتی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە لە عیراق لەئێستادا بەشی تێركردنی داواكاریی بەكاربردنی خەڵك ناكات.

سەبارەت بە گران بوونی دۆلار یاسری پێیوایە، “بانكی ناوەندی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە سەرچاوەی پارەداركردنی پڕۆسەكانی هاوردەكردن بووە لەڕێی فرۆشتنی دراوی بیانی و هەوڵیداوە میكانیزمەكانی پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی باشتر بكات، بۆ زامنكردنی جوڵەی دۆلار و گەیشتنی بەوانەی پێویستییان پێیە، جا دۆلاری كاش بێت، یان پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی بە حەواڵە”.

دەشڵێت: “نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ١٤٧٠ دینار، ئەم ئاستەی ئێستاش پێی گەیشتووە ڕەنگە ئاسایی بێت، چونكە عیراق لە ناوەڕاستی چەند دەوڵەتێكدایە، كە نرخی دراوەكانیان دابەزیوە و نیگەرانن لە ئابووری خۆیان، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش كاریگەریی لەسەر عیراق دروستكردووە”.

كرێی گواستنەوەی پێداویستیە پزیشكییەكانی نێوان شارەكان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەكرێتە بێبەرامبەر
پێت كرێی گواستنەوەی پێداویستیە پزیشكییەكانی نێوان شارەكان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەكرێتە بێبەرامبەر
سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت
دوات سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت
پەیوەنیدر