
ئێوارەی دوێنێ شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری گەیشتە و بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە کۆبونەوەکانیان بکەن.
شاندەکەی هەرێم پێکهاتون لە هەریەک لە، وەزیری دارایی، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پلاندانانی هەرێم، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی، بەڕێوەبەرانی گشتی بودجە، ژمێرکاری و خانەنشینی و ژمارەیەک لە راوێژکاری وەزارەکان، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەکە لەماڵی د. فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، ئەنجامدەدرێت، لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم و دانانی پلانێک بۆ خەرجکردنی مووچەکانی ساڵی 2025 گفتوگۆ دەکەن.
هەروەها، بڕیارە شاندەکەی هەرێم ئەمشەویش لە بەغداد بمێننەوە، بۆ درێژدان بە کۆبونەوەکان، هاوکات بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەو راپۆرتانەی لیژنەی بەغداد لە هەرێمی کوردستان ئامادەی کردبوون، ببرێنە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.