
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وادەی یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 ڕادەگەیەنێت و دەڵێت”هیچ پلانێک نییە هەردوو فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە”.
عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، تا مانگی سێی ئەمساڵ ھێزەکانی 70 و 80 دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و تاکوو ئێستاش شەش فرقە ڕێکخراونەتەوە، و لەکۆتاییدا دەبن بە فەرماندەیی دەڤەر.
ئاماژەی بەوەشداوە، بە گوێرەی نەخشەی ھاوپەیمانان تا ساڵی 2026 پێویستە ھێزی پێشمەرگە یەک بخرێنەوە، پێشبینی دەکەین لەو وادەیە زووتر پڕۆسەکە تەواو بێت.
ڕوونیشیکردەوە، تاکو ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە کە ھێزی زێرەڤانی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە کاری ئەوان جیاوازە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.
لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، ھاوکاری ھاوپەیمانان بەردەوامە و تا ئێستە ھیچ بڕیارێکمان دەربارەی ڕاگرتنی ھاوکاریی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەدەست نەگەیشتووە.