
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، بەتۆمەتی پیسبوونی ژینگەو بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش، کارگەیەکی سنووری عەربەت درایە دادگا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، تیایدا هاتووە: مەفرەزەکانی (بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت) بەفەرمانی ئەفسەری بنکەکەیان و بەئاگاداری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیمان و بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت، کارگەیەکی سنوورەکە کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش بوو، ڕێکاری یاسایی لە بەرانبەر گیرایەبەر.
ئەوەشی وتووە: کارگەکە بووبوە هۆی بێزارکردنی خەڵکی سنوورەکانی (قەزای هەڵەبجەی تازە) و (ناحیەکانی عەربەت و زەڕایەن) و دەوروبەریان.
باسی لەوەشکردوە: لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی و کێشەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە هاوکات بەدواداچوون بەردەوامە سەبارەت بەو کۆمپانیا و کارگانەی تر لە سنورەکەدا کە هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و پیسبوونی ژینگە.