![](https://xelk.org/wp-content/uploads/2024/03/awincity2.png)
نەخۆشی شەکرە، یەکێکە لە نەخۆشییە ھەرە باوەکانی ئەم سەردەمە، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیھاندا، بە تەنها لە ئەمەریکا نزیکەی ٣٧ ملیۆن کەس تووشی نەخۆشی شەکرە بوون، لەوانە کەسانی بەتەمەن و گەنجان.
لە مانگی یانزەی هەموو ساڵێکدا زۆرترین هۆشداری لەبارەی نەخۆشی شەکرە بڵاودەکرێتەوە، تەواوی توێژە جیاوازەکانی جیهان لەم کاتەدا هەوڵدەدەن سەرنجی هاووڵاتیان بۆ نەخۆشی شەکرە ڕابکێشن، تا هاووڵاتیان زۆرترین زانیاری لەبارەی نەخۆشیەکەوە بەدەستبهێنن، بڕیارە ئەمساڵ لە ئاستی جیهاندا گرنگی بە گرتنەبەری هەنگاوەکان بدرێت بۆ ڕێگریکردن لە کێشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە.
نەخۆشی شەکرە زیان بە چاو و گورچیلە و دەمارەکان و دڵ دەگەیەنێت و پەیوەندی بە هەندێک جۆری شێرپەنجەوە هەیە.
نەخۆشی شەکرە چییە ؟
شەکری خوێن (گلوکۆز) جۆری سەرەکی شەکرە لە خوێندا، لەو کاربۆهیدراتانەی کە بەکاری دەهێنیت بەدەستی دەهێنیت، گلوکۆز سەرچاوەی سەرەکی وزەیە بۆ خانە و شانەکان و ئەندامەکانی جەستە، شەکری ئاسایی لە خوێندا نزیکەی ٧٠-١٠٠میلیگرامە، کە ڕێژەی ڕۆژانە بەهۆی خواردنەوە بەشێوەیەکی سروشتی گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردادێت.
شەکری خوێن پاش خواردن دەچێتە سەر و دوای دوو کاتژمێر دەگەرێتەوە ڕادەی ئاسای خۆی، هۆرمۆنی ئەنسۆلین کە لە پەنکریاس بەرهەم دێت، بەرپرسە لە ڕاگرتن و پاراستنی ڕادەی شەکری خوێن و چەندایەتی ڕاگواستنی گلۆگۆز بۆ سیللولەکان بۆ هەڵگرتنی بۆ کاتی پێویست.
پاش نان خواردن، شەکری خواردنەکە دەچێتە ناو خوێن، بەو هۆیەشەوە ڕێژەی شەکر لە خوێندا زیادەکات، ئەمەش کار دەکاتە سەر پەنکریاس تا ئەنسۆلین بەرهەم بێنیت، تا وردە وردە شەکری خوێن کەم بکاتەوە.، نەخۆشی شەکرە کاتێک دروست ئەبێت کە پەنکریاس نەتوانێت ئەنسۆلین بەرهەمبهێنێت یان سیللولەکانی لەش بە ئەنسۆلین وەڵام نەدەنەوە.
بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، بریتییە لە ئاستی گلوکۆزی خوێن لە کاتی ڕۆژوودا لەنێوان ١٠٠ بۆ ١٢٥ میلیگرام، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێش نەخۆشی شەکرە، هەر شتێک کە زیاتر لە ١٢٦ میلیگرام بێت، شایستەی نەخۆشی شەکرە دەبێت و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ یان جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.
چاودێریکردنی شەکری خوێن یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشی زیاتر، لەوانە سەکتەی دڵ و نەخۆشییەکانی گورچیلە.
نیشانە سەرەتایییەکانی ئەم نەخۆشیە، گلوکۆز بەهۆی گورچیلەوە دەڕژێتە ناو میزەوە، ئیتر گورچیلەکان ئاوێکی زیاتر دەکەن بە میز، هەر بۆیەش زیاد بوونی میزکردن نیشانەی سەرەتایی نەخۆشی شەکرەیە، یەکێکی تر لە نیشانەکانی کەمبوونەوەی هێز و توانای لەشە لەکاتی هەڵسۆڕان و چالاکیدا.
جۆرەکانی نەخۆشی شەکرە
١- جۆری یەک
بەهۆی نەخۆشی شەکرە، سیستەمی بەرگری لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر خانە بەرهەمهێنەرەکانی ئەنسۆلین، ئەمەش بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین ناهێڵێت، بەبێ ئەنسۆلینیش شەکر لە خوێندا کەڵەکە دەبێت.
ناتوانرێت شەکرەی جۆری یەک ڕێگری لێ بکرێت، بە زۆری لە تەمەنی گەنجێتی و منداڵییەوە دەست پێدەکات، ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەمیان هەیە، لەوانەیە سکچوون، ڕشانەوە، یان ئازاری گەدەیان هەبێت، نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم دەتوانرێت لە هەر تەمەنێکدا دەستنیشان بکرێت و نیشانەکانی تەنها لە چەند هەفتەیەک یان مانگێکدا دەردەکەون و دەتوانن توند بن.
2- جۆری دوو
شەکری جۆری دوو، حاڵەتێکی درێژخایەنە کە جەستەت ئەنسۆلینی پێویست دروستناکات یان بە باشی بەکاری ناهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن،
زۆر جار نیشانەکان چەند ساڵێک دەخایەنێت تا زیاددەبێت و بە تەواوی دەردەکەوێت، هەندێک کەس بە هیچ شێوەیەکە، کە هەست بە هیچ نیشانەیەک ناکات.
نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم بەزۆری لە تەمەنی گەورەییدا دەست پێدەکات، نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم لە ڕێگەی شێوازی ژیانەوە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، لەوانە خواردنی خۆراکی توندروست و بەشداریکردن لە چالاکی جەستەیی بە بەردەوامی، قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بەم جۆرە شەکرەیە زیاتر دەکات.
3- نەخۆشی شەکرەی دووگیانی
ھەندێک ژنان لە کاتی دوووگیانیدا بەهۆی ئەو گۆڕانە ھۆرمۆنیانەی لە جەستەیان ڕوودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆکاری تێکچوونی کاری ئەنسۆلین، زۆرینەی ئەو ژنانەی تووشی شەکرەی دووگیانی دەبن، پاش منداڵبوون چاکدەبنەوە،بەڵام ھەندێکیان بە یەکجاری تووشدەبن.
هەر شتێک دەتوانێت شەکری خوێن لەو کەسانەدا بەرز بکاتەوە کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، بۆ نموونە، لەوانەیە تووشبووی نەخۆشی شەکرە بڕی پێویستی ئەنسۆلینی وەرنەگرتبێت، بۆیە دەکرێت کەمی ئەنسۆلین ببێتە هۆی نا چالاکی و نەتوانینی ئەنجامدانی چالاکییەکانی مرۆڤەکە.
نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە
نیشانە باوەکان، کە پێت دەڵێن شەکری خوێنت بەرزە، بریتین لە: کێشەی بینین، تینوێتی زۆر یان وشکبوونەوەی دەم ، پێستی وشک، هەستکردن بە لاوازی یان ماندووبوون و میزکردنی زۆر.
چارەسەری بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن
چارەسەری بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، بەندە بە ئاستی شەکر لە خوێنی تووشبووەکەدا، بۆ نموونە، وەرزشکردن دەتوانێت ئاستی گلوکۆزی خوێنت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دابەزێنێت، ئەمەش بەپێی هەستیاری ئەنسۆلینەکە، بەڵام ئەگەر شەکری خوێن لە سەرووی ٢٤٩ میلیگرام بێت، ئەوا ڕەنگە میزی تووسبووەکە کیتۆنەکانی تێدابێت، کیتۆنەکانیش ئەو ترشەن کە کاتێک جەستەت چەوری دەشکێنێت بۆ وزە چونکە گلوکۆزی پێویست لەبەردەستدا نییە. وەرزشکردن پێویستی بە وزە هەیە، ئەمەش واتە جەستەت کیتۆنی زیاتر بەرهەم دەهێنێت، ئاستی بەرزی کیتۆنەکان دەتوانێت ببێتە هۆی حاڵەتێکی پزیشکی کە پێی دەوترێت ترشی کیتۆی شەکرە (DKA).
دەستڕاگەیشتن بە پزیشکی پسپۆر کاریگەرترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، کە لەوانەیە دەرمان یان ژەمی ئەنسۆلین پێویستی بە گۆڕانکاری هەبێت، یاخود پێویست بکات نەخۆشەکە ڕەوانەی پزیشکی خۆراکی بکرێت، تا ڕێنمایی تایبەت بکرێت ، سیستمی خواردنی نەخۆشەکە ڕێکبخرێت و یارمەتی نەخۆشەکە بدرێت لە دروستکردنی پلانی ژەمەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت تا ئاستی گلوکۆزی خوێن جێگیر بێت.
دابەزینی شەکری خوێن
کەمی شەکری خوێن یان دابەزینی ئاستی شەکری خوێن لەگەڵ نەخۆشی شەکرە یان بەبێ شەکرە ڕوودەدات.
هۆکارەکانی دابەزینی شەکری خوێن بریتین لە: هەندێک جۆری دەرمانی شەکرە و دەرمانی تر، خواردنەوەی کحول، ئەنسۆلینۆما (گرێیەکی دەگمەنە لە پەنکریاسدا)،نەبوونی هۆرمۆنی وەک کۆرتیزۆڵ، هۆرمۆنی گەشەکردن، یان هۆرمۆنی تایرۆید، لە کارکەوتنی دڵ، گورچیلە، یان جگەر، نەشتەرگەرییەکانی دابەزاندنی کێش.
لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی دابەزینی شەکری خوێنت نەبێت، بەڵام دەکرێت بریتی بن لە: کێشەی بینین، خێرا لێدانی دڵ، ئارەقکردنەوە، سەرئێشە، شەکەتی، بێهێزی و سەختی بیرکردنەوە.
کەمی شەکری خوێن دەتوانێت مەترسیدار بێت، بەڵام چارەسەر دەکرێت، تووشبووی شەکرە دەتوانێت “یاسای ١٥-١٥” جێبەجێ بکات، ئەگەر ئاستی گلوکۆزەک دابەزی بۆ ٥٥ و ٦٩ میلیگرام: ١٥ گرام کاربۆهیدراتی کەم ڕیشاڵ و کەم چەوری بخۆ و هەر ١٥ خولەک جارێک دووبارەی بکەرەوە تاوەکو شەکری خوێنت دەگەڕێتەوە بۆ ٩٠-١٥٠ میلیگرام .
خۆراکی ڕیشاڵ و چەوری هەرسکردن خاو دەکەنەوە، بۆیە خۆراکەکانی وەک فاسۆڵیا یان شوکولاتە یارمەتیدەر نابن بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی شەکری خوێن بە خێرایی.
بە کورتی
شەکری خوێن، یان گلوکۆز، وەک سووتەمەنی کاردەکات بۆ جەستەت و لەو خۆراکانەوە دێت کە دەخورێت، گرنگە ئاستی شەکری خوێن بە شێوەیەکی تەندروست بپارێزیت، بە تایبەت ئەگەر کەسێک تووشبووی نەخۆشی شەکرەیە، ئەگەریش هەر کەسێک یەکێک لە نیشانەکانی نەخۆشی شەکرەی هەبوو، باشترە بەزووترین کات پشکنین بکات، کە پشکنینێکی ئاسانە و لە زۆرینەی نۆرینگە و دەرمانخانەکاندا دەستدەکەوێت، لە ئەگەری دەرکەوتنی زیاتر لە نیشانەیەکی نەخۆشیەکەدا باشترە کەسەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
ئامادەکردنی: ڕۆژین ڕێبوار محمد