ئەمشەو سودانی كۆبوونەوەی بەپەلە بۆ مووچە دەكات



بڕیارە كاتژمێر 8ی ئەمشەو لە ماڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلە دەربارەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.

د.ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاكانی پارتی ڕاگەیاندووە، ئەمشەو سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق لە ماڵی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەیزران كۆدەبنەوە.

ئاشكراشی كردووە، ئامانجی كۆبوونەوەكە قسەكردنە لەسەر هەمواری پرۆژە یاسای بودجە و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

جەختیشی كردۆتەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار ئەبن.

لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای بودجە دەكرێت، كە بەشێكی تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و دیاری كردنی 16 دۆلار بۆ تێچوونی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم لەگەڵ باسكردن لە مووچەی مانگی 12ی 2024 و مانگی 1ی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم.

دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمشەو فراکسیۆنە کوردییەکانی بەغدا، لە ماڵی سودانی کۆدەبنەوە و ئامانجی کۆبونەوەکە قسەکردنە لەسەر هەمواری پرۆژە یاسایی بودجە.
وتوشییەتی، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئەو هەموارەی یاسای بودجە کە پێشتر هاتە پەرلەمان لەگەڵ ئەو هەموارە تازەیەی ئێستا و باسی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەکرێت.

ئەمڕۆ چوار شەممە، كۆبوونەوەی شاندی باڵای کوردستان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەولێر كۆتایی هات، کە لە کۆبوونەوەکەدا لیستی مووچە و لیستی خانەنشینان و میزان موراجەعەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو گفتوگۆیان لەسەر کرا و سەرجەمیان تەواو بوون و بڕیارە سبەینێ‌ شاندی هەرێم بگاتە بەغدا و ڕۆژی هەینی كۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێم و عێراق بەسەرۆكایەتی تەیف سامی و ئاوات شێخ جەناب ئەنجام بدرێت.

 

لە عێراق یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاریكرا
پێت لە عێراق یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاریكرا
چویتە ئیتاڵیا ئەم چوار گەشتە بە شەمەندەفەر بکە
دوات چویتە ئیتاڵیا ئەم چوار گەشتە بە شەمەندەفەر بکە
پەیوەنیدر