![](https://xelk.org/wp-content/uploads/2024/03/awincity2.png)
ئیتاڵیا ئەزموونی ناوازە پێشکەش بە ئارەزومەندانی گەشتی شەمەندەفەر دەکات، بەو پێیەی تۆڕی شەمەندەفەر یەکێکە لە جوانترین و بەناوبانگترین تۆڕەکانی ئەوروپا، لەنێو ئەم گەشتە نایابانەدا گەشتەکانی شەمەندەفەری گەشتیاری هەیە کە دەرفەتی گەڕان بە 20 ناوچەی ئیتاڵیا بە شێوازێکی ناوازە دەڕەخسێنێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا ئیتاڵیا خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەری گەشتیاری فراوانتر کردووە، لەوانەش خستنەبازاڕی سێ شەمەندەفەری خەوتوو و پلانی خستنەبازاڕی هێڵی ڤێنیز سیمبۆلۆن-ئۆریێنت ئێکسپرێس لە بەهاری 2025دا.
گەشتی لا سپێزیا بۆ لیڤانتۆ
ئەم گەشتە تەنها 16 کیلۆمەتر درێژە و 30 خولەکی دەوێت، بەڵام دیمەنێکی سەرسوڕهێنەری کەنارەکانی لیگوریا پێشکەش دەکات.
ئەم ڕێگایە بەشێکە لە هێڵی سینکوێ تێرا ئێکسپرێس کە سەرنشینەکان بەناو لێوارە سەرسوڕهێنەرەکان و شارۆچکەکانی میراتی جیهانی یونسکۆدا دەبات، وەک ڤێرنازا کە یەکێکە لە جوانترین گوندەکانی وڵات.
گەشتی جێنەوا بۆ ڤێنتیمیگلیا
ئەم گەشتە 2 کاتژمێر و 45 خولەکە، کە 125 کیلۆمەتر دەگرێتەوە، یەکێکە لە جوانترین ئەزموونەکانی شەمەندەفەر لە ئیتاڵیا، شەمەندەفەرەکە بە کەنارەکانی ڕیڤێرادا تێدەپەڕێت و لە شارۆچکە کەنارییەکانی وەک ساڤۆنا و ئیمپریا دەوستێت.
ڕێگاکە دیمەنێکی سەرسوڕهێنەری کەناراوەکانی لیگوریا پێشکەش دەکات، کە بە تونێلی سروشتی سەرسوڕهێنەرەوە پڕ بووە، پێش ئەوەی بگاتە وێستگەی کۆتایی لە ڤێنتیمیگلیا لەسەر سنووری فەرەنسا.
هێڵی دۆمۆدۆسۆلا-لۆکارنۆ (ئیتاڵیا بۆ سویسرا)
ئەم گەشتە 52 کیلۆمەتر و دوو کاتژمێرییە ئەزموونێکی نایاب و ناوازەیە کە دەتباتە نێوان ئیتاڵیا و سویسرا.
ئەم ڕێگایە بە هێڵی ئاسنی “دۆڵی سەد” ناسراوە و بە 83 پرد و 31 تونێلدا تێدەپەڕێت.
لە کاتی گەشتەکەدا سەرنشینەکان چێژ لە دیمەنی دارستانە چڕەکان و گردە بەرزەکانی ڕووباری میلیتسا و هەروەها گوندە دڵڕفێنەکانی وەک درۆنۆ و سانتا ماریا ماجیۆر و لۆکۆ وەردەگرن.
گەشتی ڤێنیز بۆ تریێست
ئەم گەشتە 116 کیلۆمەترە و نزیکەی دوو کاتژمێری دەوێت، لە کاتی گەشتەکەدا شەمەندەفەرەکە ناوچەکانی ڤێنێتۆ و فریولی ڤێنیزیا جولیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیا دەبڕێت.
دیمەنەکان زۆر دڵڕفینن بە تایبەت کاتێک کەمێک تەم و مژ هەیە، چونکە باخەکانی ترێ و دەشتە گوندنشینەکانی ڤێنێتۆ لەگەڵ شاخەکانی فریولی تێکەڵ دەبن، پێش ئەوەی بگەینە فەلاتی کارست و کەنارەکانی ئادریاتیک.
هەر گەشتێک ئەزموونێکی ناوازە پێشکەش دەکات کە سروشتی سەرسوڕهێنەر و مێژووی دەوڵەمەندی ئیتاڵیا تێکەڵ دەکات، گەشتکردن بە شەمەندەفەر دەبێتە بژاردەیەکی بێهاوتا بۆ دۆزینەوەی جوانییەکانی وڵاتەکە، جا تۆ بەدوای گەڕان بە گوندە بچووکەکاندا دەگەڕێیت یان چێژ لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی کەنار دەریاکان وەربگریت، شەمەندەفەرە ئیتاڵییەکان گەرەنتی گەشتێکی لەبیرنەکراو دەکەن.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی