![](https://xelk.org/wp-content/uploads/2024/03/awincity2.png)
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم گۆڕانكاری لە دەرهێنانی ساڵانەی ئۆتۆمبێل دەكات و بۆ یەكەمین جاریش لە پارێزگای دهۆكەوە دەستی پێكرد، كە بە سیستمێكی نوێ و بەشێوەی دیجیتاڵی ساڵانە دەدرێتەوە بە شۆفێران.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “ئەم سیستەمە دیجیتاڵییە نوێیە بۆ ساڵانەی ئۆتۆمبیلەکان، سەرەتا لە پارێزگای دهۆک، دواتر لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و پاشان لە ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ دەکرێت.”
وتیشی، “لە تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییە نوێیە ئەوەیە کە ساڵانەكە بەهیچ شێوەیەک ساختە ناکرێت، چونکە ساڵانە گرنگترە لە مۆڵەتی شۆفێری، لەبەرئەوەی پەیوەندی بە خاوەندارێتییەوە هەیە، چونکە هاووڵاتی بە ڕەنجی چەند ساڵەی دەیکڕێت، بۆیە ئەگەر بەباشی ئەو ئۆتۆمبێلە نەپارێزرێت، ئەوە رەنگە خاوەنەکەی بەئاسانی فێڵی لێ بکرێت.”
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەم سیستەمە نوێیە پەیوەستە بە وێنەگرتنی پەنجەمۆری دەست و چاوی خاوەنی ساڵانەكە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لەهەرێمی کوردستان لەڕێگەی ئەپلیکەیشنەکانەوە زانیاری بۆ بەدەستهێنانی ساڵانەكە بڵاودەکەنەوە و هاووڵاتیان دەتوانن بەشێک لەهەنگاوەکانی وەرگرتنی ساڵانەی ئۆتۆمبیل لە ماڵەوە تەواو بکەن، ئەمەش بەفیڕۆدانی کات کەم دەکاتەوە.”