![](https://xelk.org/wp-content/uploads/2024/03/awincity2.png)
کۆڵبەرەکان لە سەختی ژیانی ڕابردوو و ئێستاشدا بەناچاری پشت بەو گویزانی مەرگەوە دەنێن بۆ پەیداکردنی پارویەک نان بەمەبەستی ژیانکردن، هاوکات بەناو شاخ و ڕێگە ناڕێکەکانی سنووری عێراق و ئێراندا سەرگەردانن، مەترسی خستنە سەر ژیانیان تاکە چانسی پەیداکردنی نانی ڕۆژانەیانە.
بەپێی چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ( الحرة)، لەگەڵ کۆڵبەرێک چیرۆک و مەرگەسات و سەختی ژیانیان دەخاتە ڕوو.
لە ڕۆژێکی چارەنووسسازدا ساڵانێک لەمەوبەر دووبرا کەکاری کۆڵبەرییان دەکرد لە یەکێک لە ڕۆژەکاندا و لەکاتی کاردا، یەکێکیان بە گوللەی بێبەزەیی کوژرا، و ئەوی تریان جگە لە تاڵیی لەدەستچوون و یادەوەرییە کارەسات بارەکان هیچی تری بۆ نەمایەوە، بەڵام تەنانەت نەیتوانی لە پیشە کوشندەکەش دوور بکەوێتەوە ئەگەر مەترسییەکە ژیانیشی بەفیڕۆ بدات.
لە نێوان ئەو شاخە ناڕێکەکانی سەر سنووری عێراق و ئێران، کارەساتە مرۆییەکان لەگەڵ سەختی سروشت و بارودۆخی ژیاندا تێکەڵ دەبن.
سەردار گەنجێکی کوردی خەڵکی شارۆچکەیەکی سنووری ئێرانە، چیرۆکی لەدەستدانی عومەری برای دەگێڕێتەوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر بە دەستی پاسەوانی سنووری ئێران کوژرا.
ئەو دوو برایە بەشێکبوون لە کۆمەڵێک کەس کە لە ناوخۆدا بە “کۆڵبەر” ناسراون، بە هەڵگرتنی کەلوپەل لە عێراقەوە بۆ ناو ئێران لە سنووری ئێران دەپەڕنەوە، کاتێک بە دەنگی گوللەی پاسەوانانی سنووری ئێران سەریان سوڕما و ناچاریان کردن بارەکەیان بەجێبهێڵن و بەرەو ئەو وڵاتە هەڵبێن بەڵام عومەر نەیتوانی خۆی دەرباز بکات و کەوتە خوارەوە.
سەردار دە ساڵ لەمەوبەر بیری دێتەوە کە خۆی و براکەی تەمەنیان تەنها 18 ساڵ بوو، دوای مردنی باوکیان کە کاری کشتوکاڵی دەکرد، ژیان بۆ خێزانەکەیان سەختتر بوو، کە پێکهاتبوون لە دایک و سێ کوڕ و دوو کچ.
لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی ئابووری ئێران و نەبوونی هەلی کار، ئەو دوو برایە هەوڵیان دا لە بواری بیناسازیدا کار بکەن، بەڵام هەلی کار لەو بوارەدا کەم و نەبوو بوو ئەمەش هاوکاری نەدەکردن بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی خێزانەکە.
لە بەرامبەر ئەم واقیعە تاڵەدا، ئەو دوو برایە سەرەڕای سەختی و مەترسییە گەورەکانی، پەنایان بردە بەر پیشەی کۆڵبەر.
کاری ئەوان گواستنەوەی بار بوو کە هەندێک جار کێشیان دەگاتە 70 کیلۆگرام، بە کرێی نزیکەی 40 دۆلار بۆ هەر گەشتێک دەستیان پێکرد.
ئەم بڕە پارەیە لەناو ئەو دۆخە دژوارەی بێ کاریدا بە نیعمەت دادەنرا، بەتایبەتی کە کۆڵبەر لە هەفتەیەکدا دەکرا دەرفەتی دوو یان سێ باری هەبێت، ئەمەش یەکسانە بە داهاتی مانگێکی تەواو لە پیشەکانی دیکەدا.
کۆڵبەرەکان چ کاڵایەکیان هەڵگرتبوو؟
سەردار لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ “الحرة” ڕوونیکردەوە، ئەوان خۆراک و جگەرە و کەرەستەی کارەبا و ئەلیکترۆنی کە هی کاسبکارانن لەنێوان عێراق و ئێرانیدا دەگوازنەوە و کەرەستەی قەدەغەکراویش نین.
بۆ سەردار و عومەر، کۆڵبەری هەڵبژاردنێکی زۆرەملێ بوو بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیان.
بەڵام لەو ڕۆژە چارەنووسسازەدا، عومەر لەهەوڵی گەیشتن بەو ئامانجە سادەیە، ئەویش دابینکردنی نان بۆ خێزانەکەی، بە فیشەک کوژرا.
سەردار دوای کوشتنی بۆ ماوەیەکی زۆر نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ ئەم پیشەیە، بەڵام لەم دواییانەدا گەڕاوەتەوە بۆ کاری کۆڵبەری، چونکە بارودۆخی ژیان هێندەی تر خراپتر بووە و دەرفەتەکان کەم بووەتەوە و دۆخی ئابووری ئێران خراپتر بووە.
ئەمڕۆ سەردار لە نێوان یادەوەرییەکانی عومەری برای و ئەو واقیعە تاڵەی کە ڕۆژگار سەپاندویەتی بەسەریدا دەژی.
بە پەشیمانیەوە دەڵێت “هیچ ئومێدێک بۆ باشتربوونی دۆخەکە نییە”، ئێمە لە پیشەیەکی مەترسیداردا کاردەکەین تەنها بۆ ئەوەی بژین، کەسیش دەنگی ئێمە نابیستێت و هەست بە ئازارەکانمان ناکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی واقیعی هەزاران کۆڵبەرە ، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران”.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا (رێکخراوی کوردی ئێران) ئاشکرای کرد، لە ماوەی ساڵی 2024 لە نێو کۆڵبەرە کوردەکاندا 59 کەس گیانیان لەدەستداوە و 271 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش لە ئەنجامی کردنە ئامانجییان لەلایەن پاسەوانانی سنووری ئێران و هەندێکجاریش کارەساتی سروشتی و ڕووداوی جۆراوجۆر.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە 50 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و 9 کەسی دیکەش بەهۆی کارەساتی سروشتی وەک هەڵدێران و بەفربارین و ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوەکە برینداربوونی 216 کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران تۆمارکردووە، جگە لە برینداربوونی 18 کەسی دیکە بەهۆی ئەشکەنجەدانی هێزەکانی ئێرانەوە، هەروەها 37 کەسی دیکەش بەهۆی کارەساتی سروشتی و تەقینەوەی مین و ڕووداوی هاتووچۆ.
ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەدا کە ڕووداوەکان لە ناوچەکانی پاوە، سەقز، بانە، مەریوان، جوانڕۆ، سەردەشت، و سەلاسی باوجانی چڕبوونەتەوە.
ڕێکخراوەکە دووپاتی کردەوە کە سەرجەم ناو و زانیارییەکانی پەیوەست بە قوربانییەکان لە ناوەندی ئاماری خۆیدا دەهێڵێتەوە.
کۆڵبەری کارێکی سەختە کە پێویستی بە هەڵگرتنی کێشی قورس هەیە کە لە نێوان 50 بۆ 80 کیلۆگرام، هەروەها بە پێ ڕۆیشتن بە مەودای دوور کە ڕەنگە بگاتە زیاتر لە 15 کاتژمێر لە زەوییە شاخاوییە ناڕێک و کانگاکراوەکاندا، لە بەرامبەردا کرێیەک کە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە تێیدا کاردەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان .