سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق ئامادەیی هەردوو بانکی ڕەشید و ڕافیدەینی نیشانداوە بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئێستا هەردوو بانکەکە ئامادەن.
سۆران عومەر لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: “داوام لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد کاتێک لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی 2025 کێشەی تیادا نامێنێت لیستەکان ڕەوانەی بانکی رەشید و ڕافیدەین بکات بۆ تەوتين.
باسی لەوەشکردووە: وەزارەتی دارایی لە 20ی ئەم مانگە بەنووسراوی ژمارە 268 وەڵامی هەردوو بانکی رەشید و ڕافیدەین هاوپێچ دەکات.
ئەوەشی وتووە: بانکی ڕەشید بەنووسراوی ژمارە (373 لە 19-1- 2025) دەڵێت، ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چاوەڕێین گرێبەستی نێوان بانکەکەمان و فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بکرێت.
سۆران عومەر ئەوەشی باسکردووە: بانکەکە وتویەتی، کاتێک شەش زانیاری فەرمانبەرمان پێ بگات لەڕێی ئەپێکی تایبەت بە بانکەوە لە مۆبایلەوە کارتی بانکی تەوتين کارادەکرێت. بۆ دابەشکردنیش دەتوانرێت لەڕێی لقی بانکە ئەهلییەکان و دەروازەکانەوە مووچەکە وەربگرن.
دەشڵێت: بانکی ڕافیدەین بەنوسراوی ژمارە (3/1/128 لە 19/1/2025) ئاماژە بەوە دەکات ئامادەن بۆ تەوتينی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەرکردنی ماستەرکارتی جیهانی و کارتی ناوخۆیی و وەرگرتنی مووچە لەڕێی بانکە ئەهلیە ڕێپێدراوەکان.