دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە دادگای تورکیا سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرتدا سەپاند، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوومی بۆ شارەوانییەکە دانا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، بەهۆی سزادانی لەلایەن دادگاوە، بڕیاریانداوە سۆفیا ئاڵاغاش، هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت لە پۆستەکەی دووربخەنەوە و کەمال کزڵکایا، والی سێرت وەک بریکاری سەرۆکی شارەوانی دابنێن.
پاش دانانی قەیووم بۆ شارەوانی سێرت، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان چوونە بەردەم بینای شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری بینای شارەوانیی بڵاوەیان پێکراوە.
هێزە ئەمنییەکان ئاڵای تورکیایان بە بینای شارەوانیدا هەڵواسی و رێگە بە کەس نادەن بچێتە ناو بینای شارەوانی.
رۆژی سێشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2025، دادگای پێنجەمی سزا قورسەکانی دیاربەکر، لە حەوتەم دانیشتنی دۆسیەکەیدا، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ سۆفیا ئاڵاغاش، هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرت دەرکرد.
دانیشتنەکەی دوێنێی دادگا بەبێ ئامادەبوونی ئاڵاغاش بەڕێوەچوو، لەبری ئەوە پارێزەرەکانی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی دەم ئامادەبوون. دادگا بە زۆرینەی دەنگی دەستەی دادوەران سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند.
لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری 2024ـدا، سۆفیا ئاڵاغاش، وەک کاندیدی دەم پارتی رێژەی 49.6%ـی دەنگەکانی پارێزگاکەی بەدەستهێنابوو، بە هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرت هەڵبژێردرا.
لەدوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری رابردووەوە تا ئێستا، 10 سەرۆکی شارەوانیی دووخراونەتەوە و قەیووم لە جێگەیان دانراوە، کە هەشتیان سەر بە پارتی دەم و دووانیان سەر بە جەهەپە بوون.
ئەو شارەوانییانەی پارتی دەم قەیوومیان لە جێگە دانراوە بریتیین لە جۆلەمێرگ، مێردین، ئێلهـ، دەرسیم، خەلفەتی، ئاکدەنیز، باخچەسەرای و سێرت.