ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕێگریی لە هێنان و ناردنی مریشکی زیندوو لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر دەکرێت، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی داوا دەکات ڕێگری لە هێنان و بردنی مریشکی زیندوو لە نێوان ئەو پارێزگایانە نەکرێت.
نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی ئەمرۆ سێشەممە باسی لەوەشکرد، داواکارن وەزارەتی کشتوکاڵ کێشەکەیان بە خێرایی بۆ چارەسەر بکات، ڕێگریکردنەکە نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمهێنەران و بازاڕەکان، هەروەها داوا بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاسایشی سلێمانی و هەولێر دەکەن وەک پێشتر هاوکاربن لە ئاسوودەیی و گەیاندنی ئەم بەرھەمە کشتوکاڵییە.
وتیشی: “داوام لە پەرلەمانتارانی عێراق کردووە، بەدەم چارەکردنی کێشەکانمانەوە بێن، چونکە حکومەتی فیدراڵی ڕێگریی لە گواستنەوەی مریشکی زیندوو دەکات بۆ خواروی عێراق، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستانیش ڕێگریی لە گواستنەوەی مریشکی زیندوو لە نێوان هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەکرێت”.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی باسی لەوەشکرد، کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، هەزارەها هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە، بۆیە ئەم ڕێگرییانە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنەران و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە.
نازم عەبدوڵا جاف، ئەوەشی خستەڕوو: بەرهەمهێنەرانی کێڵگە پەلەوەریەکان ڕووبەڕووی کێشەی گەورەی بەبازاڕکردن و کێشەی کارەبا و سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبنەوە، لە ساڵی 2014 ەوە هیچ یارمەتییەکی گونجاویان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە.