وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامانجمان بنیاتنانی سووپایه‌كی نیشتمانی كوردستانییه و دەشڵێت: 6 فیرقەی پیادەی سەربازی دادەمەزرێت.
ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه 27ی كانوومی دووه‌می 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له یـان برێم، كونسوڵی گشتیی فه‌ڕه‌نسا له هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی سه‌ربازی و دیپلۆماسی یاوه‌ری كرد و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، كه عه‌بدولخالق باپیری، بریكاری وه‌زاره‌ت ئاماده‌بوو، باسیان له ڕه‌وشی ئه‌منی و سیاسی ناوچه‌كه و عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد.
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، پرسی چاكسازی و بنیاتنانی دوو ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی سه‌ربازی، دامه‌زراندنی 6 فیرقـه‌ی پیاده له ئێستادا و هه‌وڵدان بۆ بنیانتانی فیرقه‌ی زیاتر له ژێر سه‌ركردایه‌تی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
لای خۆیه‌وه شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه وتی: “ئامانجی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بنیاتنانی سووپایه‌كی نیشتمانی كوردستانییه، كه له‌م پێناوه‌شدا هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان چڕكردۆته‌وه و به‌رده‌وام و پێداگرین له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه”.
له‌به‌رامبه‌ردا كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا، دڵخۆشی خۆی ده‌ربڕی و په‌یامی پاڵپشتی و پشتیوانی گه‌ل و حكومه‌تی فه‌ره‌نسای بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دووپاتكرده‌وه و ڕایگه‌یاند: “دڵخۆشین و چاوه‌ڕێین له‌م ساڵدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه قۆناغی زۆرباش به‌ده‌ستبهێنێت له پرۆسه‌ی چاكسازیدا. له‌م پێناوه‌شدا ئێمه‌ش هاوكار و پشتیوانتان ده‌بین”.