پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایگەیاند، کۆدەنگی پەرلەمان هەیە بۆ تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە میانی دانیشتنەکانی یاسادانانی داهاتوودا و دەشڵێت: بەغدا و هەولێر ڕێككەوتوون.
موختار ئەلموسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بە (بغداد الیوم)ی ڕاگەیاند، “رێککەوتنی پەرلەمان هەیە بۆ دەرکردنی یاسای بودجە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا و ڕێککەوتنی سیاسی هەیە هەروەها ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ئەم هەموارکردنەوەیە هەیە و کۆبوونەوەکان بەردەوامن لەسەر فۆرمولەی هەموارکردنی کۆتایی”.
ڕوونیشیکردەوە، “پەرلەمانی عێراق پشتیوانی هەر ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا و هەولێر دەکات، نامانەوێت پەرلەمان ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دانوستان و چارەسەر”.
هەفتەی ڕابردوو بڕیار بوو لە پەرلەمان دەنگ بدرێت لەسەر هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی، كە تیایدا بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاری كراوە و هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام بەشێوەیەكی لەناكاو هەموارەكە لە بەرنامەی كاری پەرلەمان لابرا و دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە حكومەتی عێراقی مەرجی دیكەی هەیە.
لای خۆشیەوە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا بڵاویكردەوە، “دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و هەوڵی بەردەوام بە ئامانجی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و دوای ئەوەی تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم، بەداخەوە نەكرا پڕۆژە یاساکە بەو فۆڕمە پەسەند دەکرێت، کە لە کۆتا خولەکدا لەسەری ڕێککەوتوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوەی سەرسوڕمانی ئێمەی زیاتر کرد ئەوە بوو، کە نوێنەری حکومەتی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی عێراق پێشنیارێکی جیاوازی پێشکەش کرد بەشێوەیەکی تاکلایەنە، بەبێ ئەوەی پێشوەختە ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و بەبێ ئەوەی بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی فیدڕاڵیی وەزیرەکان بۆ دەنگدانێک، کە پێچەوانەی بڕیارەکەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانە سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاساکە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان”.
لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدڕاڵی وتەكانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێشکەشکردنی پێشنیازێک کە جیاوازە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی دارایی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ پەرلەمان ڕەتكردەوە.
باسم ئەلعەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە پەرۆشی حکومەت بۆ شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە پێشکەوتنی کارە جێبەجێکارییەکانی، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی بودجە، کە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ جێبەجێکردنی، پابەندبوونی حکومەت دووپات دەکەینەوە کە لەگەڵ ئەو هەموارکردنانەی کە بۆ پەرلەمان نێردراوە سەبارەت بە یاسای بودجە، کە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو دەگرێت و جەخت لەوە دەکەینەوە، کە نوێنەری حکومەت لە پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە پێویستی نەکردنی هیچ هەموارکردنەوەیەکی تر لە یاسای بودجەدا، کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەشکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لەهەمانکاتدا ئەو شتانە ڕەتدەکەینەوە، کە لە بەیاننامەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە و سەرمان سوڕماوە لەوەی تێیدا هاتووە سەبارەت بەو ئیدیعایەی کە نوێنەری حکومەتی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕێگری لە هەموارکردنەوەی ئەو مادەیەی پەیوەستە بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە کرد”.
عەوادی جەختی لەوە کردەوە “گرنگی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی، لەوانەش گەیاندنی داهاتە داراییەکان، چ نەوت بێت یان نانەوت، بە حکومەتی فیدڕاڵی، بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیدا هاتووە لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی”.