حکومەتی هەرێم فەرمانی دامەزراندنی بۆ 500 کەس بەشیوەی گرێبەست بۆ پارێزگای هەڵەبجە بڵاوکردەوە.
حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى تەواوبوونى ڕێکارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە ڕادەگەیهنێت، ئەمەش لەسەر فهرمانى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، لەپێناو دابینکردنى میلاکى پێویست بۆ دامودەزگهکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە، بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتیيان.
بەپێی بڵاوکراوەکەی حکومەتی هەرێم، وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەنديى سەرۆکایەتيى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کراوە و لە ئێستادا زانیاريى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمى ناوبراوان لە لایەن ئەنجومەنى راژەى گشتى بە فەرمى ڕەوانەى پارێزگاى هەڵەبجەدەکرێت بەمەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنمایيى ژمارە (10) ساڵى 2019.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەشداراوە، 48 کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن و لە سیستەمى خاڵبەنديى گشتى، خاڵى تایبەتیان بۆ دیارى کرابوو وێڕاى ئەوەى ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستيى تایبەت) ژمارە (22)ى ساڵى (2011)ش کراوە، بە تەرخانکردنى ڕێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک (25) کەس لە کۆى (500) دەرچوو خاوەنپێداویستيى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەر چوون.
هەروەها دەرچووان بەپێى پێداویستيى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕيى خۆى نەبێت بە پێى بڕوانامەکەى.