هەرەمێکی نوێ مشتومڕ دروستدەکات



دۆزینەوەی شوێنەوارێکی نوێ لە ئەندەنوسیا پرسیار و مشتومڕی گەورە لەسەر کۆنترین هەرەمی جیهان دروست دەکات، بەو پێیەی هەندێک لە زاناکان پێیان وایە لەوانەیە ئەو پێکهاتە لەلایەن مرۆڤەوە دروست نەکرابێت.

بەپێی ماڵپەڕی بەریتانی “Lad Bible“، هەرەمی جۆزەر ی پلیکانەدار لە میسر کە مەزەندە دەکرێت لە دەوروبەری ساڵی 2630 پێش زایین دروست کرابێت، بە کۆنترین هەرەم دادەنرێت کە مرۆڤ دروستی کردبێت. بەڵام لێکۆڵینەوەیەک کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە گۆڤاری Archaeological Prospection بڵاوکرایەوە، ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە شوێنی گونونگ پادانگ لە ئەندەنوسیا کۆنترین شوێن بێت، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 25 هەزار ساڵ پێش زایین.

ئەم دۆزینەوەیە مشتومڕێکی بەرفراوانی لای زانایان بەدوای خۆیدا هێناوە، و لە توێژینەوەکەدا توێژەران پێشنیاریان کردووە کە پێکهاتەی گونونگ پادانگ لەوانەیە لە گردێکی لافاوی سروشتییەوە سەرچاوەی گرتبێت و دواتر لە ڕووی تەلارسازییەوە ئەو شێوەیەی پێدرابێت.

جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم دۆزینەوەیە ڕەنگە تێڕوانینە باوەکان سەبارەت بە مێژووی بیناسازی مرۆڤ بگۆڕێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەکنیکە پێشکەوتووەکانی بیناسازی ڕەنگە لە دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندانەوە هەبووبێت، پێش ئەوەی کشتوکاڵ بدۆزرێتەوە.

توێژەران لە توێژینەوەکەدا دەڵێن “بەڵگەکانی گونونگ پادانگ و شوێنەکانی دیکەی وەک گۆبەکلی تەپە لە تورکیا، ئەوە دەردەخەن کە تەکنیکە پێشکەوتووەکانی بیناسازی لەو کاتەدا هەبووە کە هێشتا کشتوکاڵ داهێنراو نەبووە”.

بەڵام زۆرێک لە زانایان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بەم گریمانانە، فلینت دیبل، لە زانکۆی کاردیف لە لێدوانێکدا دەڵێت، “ئەو مادەیەی کە لە گردەکەدا دەچێتە خوارەوە بە شێوەیەکی دیاریکراو ئاراستە دەکرێت”.

دیبل، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وتی، ئەگەر نمونەی خاکێک بدۆزیتەوە کە تەمەنی 40 هەزار ساڵە، ئەوە مانای ئەوە نییە کە کۆشکی وێستمینستەر لەو کاتەدا دروستکراوە.

لای خۆیەوە، بیل فارلی، شوێنەوارناس لە زانکۆی ویلایەتی باشووری کۆنتێکتیکۆت، پشتڕاستیکردەوە کە ئەو نمونە خاکانەی لە شوێنەکە کۆکراونەتەوە “هیچ نیشانەیەکی چالاکیی مرۆڤیان تێدا نییە، وەک خەڵوز یان ئێسکی ئاژەڵ”.

ئەم مشتومڕە وایکرد سەرنووسەرانی گۆڤاری گەڕان بەدوای شوێنەواردا لێکۆڵینەوەیەک لە ڕەوایەتی توێژینەوەکە دەستپێبکەن، کە بە پاشەکشەی توێژینەوەکە کۆتایی هات، دوای ئەوەی نیگەرانییەکان لەلایەن پسپۆڕانی جیۆفیزیا و شوێنەوارناسییەوە سەبارەت بەو ئەنجامانەی نووسەران پێی گەیشتوون لێکەوتەوە.

لە بەیاننامەی کشانەوەی توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو نمونە خاکانەی کە وەرگیراون پەیوەندییان بە هیچ دۆزینەوەیەکی دروستکراوی مرۆڤەوە نەبووە، هەربۆیە ئەو ئەنجامەی کە دەوترێت شوێنەکە هەرەمێکی تێدایە نادروستە.

لای خۆیەوە، نووسەری توێژینەوەکە، پرۆفیسۆر دانی هیلمان-ناتاوێدجا، ناڕەزایی خۆی لە پاشەکشەی توێژینەوەکە دەربڕی و بە “سانسۆری توند کە بنەما سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی و شەفافیەت و دادپەروەری لە گوتاری ئەکادیمیدا پشتگوێ دەخات” وەسفی کرد.

لەگەڵ بەردەوامبوونی مشتومڕەکان، پرسی سەرچاوەی گونونگ پادانگ بێ وەڵام ماوەتەوە، ئەمەش ڕێگە بۆ لێکۆڵینەوە و مشتومڕی زیاتر لە بازنە زانستییەکان دەکاتەوە.

مامۆستایانی کۆیە بایکۆتیان ڕاگەیاند
پێت مامۆستایانی کۆیە بایکۆتیان ڕاگەیاند
بوومەلەرزەیەك كوردستانی هەژاند
دوات بوومەلەرزەیەك كوردستانی هەژاند
پەیوەنیدر