پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری سەرەکی بایکۆت کەمتەرخەمی حکومڕانان و لایەنە سیاسییەکانە و دەشڵێت: ئومێد دەکەم دەرگای فەرمانگە و خوێندنگەكان دانەخرێن.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “دەربارەی دەوام چەند جارێك ئەم ئەزموونەمان دووبارە كردۆتەوە و جوامێری مامۆستایان و فەرمانبەرانمان بینیوە، بەڕاستی ئەوەی خاوەنی ئەم ئیدارەیە و خەڵكی، خودی مامۆستایان و فەرمانبەرانن، كە پێشمەرگەی ئەم سەردەمی شارەن و دەیبەن بەڕێوە”.
ڕاشیگەیاند، لە دۆخی سەختی مووچەخۆران تێدەگەین، چونكە خۆمان بەشێكین لە ئەوان و داكۆكی سەرسەختیان لێ دەكەین.
وتیشی، “بە هەمووان دەڵێن، نابێت كە بارودۆخێك بۆمان قەرەبووناكرێتەوە نەوەیەك كە پێویستە پێی بگەیەنین بۆ ئەوەی ببێتە ئەڵتەرناتیڤی ئەو دەسەڵاتەی ئەم دۆخەیان بەسەر خەڵك هێناوە دوابخەین و پەك بخەین”.
د. هەڤاڵ جەختیشی كردەوە، پشتیوانی هەموو داوای ڕەوای مووچەخۆران دەكەین و داكۆكی لە مافەكانیان دەكەین، بەڵام داوایان لێ دەكەم دەرگای فەرمانگەكان و هۆڵی خوێندنگەكان دانەخرێن، چونكە نابێت بچینە بەرەیەكەوە، كە زیانەكەی بۆ هاووڵاتیان بێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری سەرەكی لە بایكۆت لەم دۆخە خراپەی هاتۆتە كایەوە و لە تێكچوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی نە فەرمانبەرانن و نە هاووڵاتیان، بەڵكو كەمتەرخەمی حكومڕانان و لایەنە سیاسییەكانن، بۆیە نابێت باجی ئەمە هاووڵاتیان بیدەن.