لەگەڵ خانەنشین بوونی ٣٥ هەزار کەسدا، کێشەیەکی نوێ دێتە کاتەوە، ئەویش چۆنیەتی دابینکردنی پارەیە بۆ پاداشتی ئەو خانەنشینە نوێیانە، کە بڕەکەی سەدان ملیار دینارە.
پڕۆسەی خانەنشینکردن بەتەمەنی ٦٠ ساڵیی بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ٣٥ هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەبن.
بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤، هەر فەرمانبەرێک کە خانەنشین دەبێت، پێویستە پاداشتی کۆتایی خزمەتی پێبدرێت، کە دەکاتە ١٢ مووچەی تەواوەتی.
ئەگەر ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەبن ٣٥ هەزار بێت، مووچەکەیان بە ملیۆنێک دینار دیاریبکەین، واتە بۆ پاداشتی کۆتایی خزمەت حکومەت پێویستی بە ٤٢٠ ملیار دینار دەبێت، بەڵام ئەوەی پرسیارە کێ ئەم پارە بە خانەنشینە نوێیەکان دەدات؟
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق، لەبارەی ئەو پارەیەوە بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، بابەتی ئەو پارە و خانەنشینیەکە کێشەیەکی تێدایە کە تاکو ئێستا چارەسەر نەکراوە، عێراق ڕەزامەند بووە بەخانەنشین کردن بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و بەتەمەنی ٦٠ ساڵیی، داوای لیستی خانەنشینەکان و بڕی پارەی پێویستی لە هەرێم کردووە.
سۆران عومەر دەڵێت “کێشەکە ئەوەیە ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەبن ئەگەر مووچەیان بخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی عێراق ئەوە پێویستە لێبڕینی خانەنشینی کە داویانە بەهەرێم وەربگیرێتەوە و بخرێتە سندوقی خانەنشینی عێراق، بەڵام هەرێم سندوقی نەبووە، ئایا ئەمە چۆن چارەسەر دەکرێت هێشتا ڕوون نییە!، ناشبێت فەرمانبەر دوو جار لێبڕینی خانەنشینی بدات و جارێکی دیکە بەقیست لەسەر مووچەی خانەنشینان وەربگیرێتەوە”.
دەربارەی چارەنووسی ئەو پارەی کەپێویستە بدرێت بەخانەنشینان، سۆران عومەر باسی لەوەکرد، دیار نییە چۆن ئەو پاداشتەی کۆتایی خزمەت و مۆڵەتی کۆکراوە دەدرێت بەخانەنشینان، جگە لەوە دەبێت مۆڵەتی کۆکراوەشیان پێ بدرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٥ی ئەم مانگەدا کارکردن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ ڕاگەیاند، کە بەپێی ئەم یاسایە دەبێت ئەو کەسانەی لە ساڵانی (١٩٦٢ – ١٩٦٣ – ١٩٦٤ – ١٩٦٥) لەدایکبوون خانەنشین دەبن، ئەمەش واتە خانەنشین بوونی زیاتر لە ٣٥ هەزار فەرمانبەر.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک لێکەوتەی زۆری دەبێت، یەکێک لەوانەش دروستبوونی بۆشاییە لە فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندندا، تەنها لە وەزارەتی پەروەردە پێنج هەزار و ٥٠٠ مامۆستا و سەرپەرشتیار خانەنشین دەبن، ئەگەر پەککەوتنی پڕۆسەی خوێندن هەیە.
هاوکات گرفتی نەبوونی فەرمانبەر زیاتر دەکات، لەبەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندنی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەردەوام ساڵانە فەرمانبەران خانەنشین بوون و گرفتی کەمی فەرمانبەر هەبووە.