جەنگی غەززە له‌سه‌رو شکست و سەرکەوتنە کاتیەکانەوە..خوێندنەوەیەك لەبەر رووناکی ئەگەرو ئاکامەکان
ئەبوبەکر عەلی
وتراوه دوای هه‌موو جه‌نگێ، جه‌نگێكی ئه‌ده‌بی واته قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاكامه‌كانی دێته‌كایه‌وه، هه‌ركه‌س و گروپێك له دیدگای خۆیه‌وه دهیڕاونێتێ و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێت و وه‌سفی ده‌كات.
جه‌نگی غه‌ززه‌ش له‌م ڕێسایه به‌ده‌ر نییه.
كه باسی جه‌نگیش ده‌كه‌ین، باس له سیاسه‌ت ده‌كه‌ین به‌ڵام سیاسه‌تێكی شكست خواردوو له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، هەر بۆیە سه‌ره‌نجام دژ به‌یه‌كی دیدو پڕۆژەو خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له به‌رگی جه‌نگدا تهقیونەتەوە، لە هەموو پرس و رووداوێکیشدا سیاسەتی تێکەڵبوو، بەسرووشتی حاڵ ده‌كه‌وینه به‌رده‌م دیدو به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز‌و لایه‌نگیری و دژایه‌تیه‌وه، لێره‌شه‌وه مه‌رج نییه خوێندنه‌وه‌كان بۆیان بابه‌تی و زانستی و دادپه‌روه‌رانه بن، چونكه لایه‌نگیری یاخود دوژمنایه‌تی و هه‌ستی نه‌رێنی پێشتوه‌خته ئه‌و ده‌رفه‌ته له چاودێری كه‌س و گروپه‌كان ده‌ستێنێته‌وه. سەبارەت بە دۆخی جەنگ مەسەلەکە زەقتر دەردەکەوێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لە هەندێك کات و شوێندا هاوشێوەی جەنگی غەززەو ڕەنگدانەوەی لە کوردستاندا، لایەنەکانی جەنگەکە ده‌بنە نوێنه‌ر یاخود نه‌یار بابه كرده‌وه‌ش به‌شێ نه‌بن له جه‌نگه سه‌ربازییه‌كه، به‌شێ له‌وه‌ی لە كوردستانیش له هه‌مبه‌ر به‌ره‌نجامگیری ده‌رباره‌ی جه‌نگه‌كه‌ی غه‌ززه دەبینرێت، بەو شێوەیە هەر بۆیە جۆرێك لە به‌ره‌به‌ندی بێ پاساوی دروست كردووه، یەکتر تۆمەتبار کردن و تێکەڵاو بوون بە فەزای جەنگ بەجۆرێکە وه‌ك ئەوەی ئێره گۆڕه‌پانی ڕوودانی جه‌نگه‌كه بێت و لایه‌نگر یاخود نه‌یاره‌كان باجی ئاكامه‌كان بده‌ن! له كاتێكدا نابێت مه‌سه‌له‌كه به‌و جۆره بێت، چونکە هەروەك كاتی خۆشی له وتارێكدا ئاماژه‌مان بۆكرد، جه‌نگی غه‌ززه بۆ ئێمه پرسێكی عه‌قیده‌یی نییه، بەحوکمی ئەوەی جه‌نگی گه‌لێكی بن ده‌سته دژ به گه‌ل و دەوڵەتێکی سه‌رده‌ست و داگیركه‌ر با لە سۆنگەی بوونی هەندێ شوێنی پیرۆزیشەوە هەندێ بەرامەی عەقیدیی گرتبێت.
ئەوەش پێمان دەڵێت پرسه‌كه‌ش به‌و جۆره نیه هه‌ندێكمان بچینه سه‌نگه‌ری حه‌ماس و هه‌ندێكی ترمان ئیسرائیل و كۆمه‌ڵێكی تریشمان خۆی به دیدی سێهه‌م پێناسه بكات به‌تایبه‌تیش دژ به‌وانه قسه بكات كه چوونه سه‌نگه‌ری حه‌ماسه‌وه وستایشی سەرکەوتنی دەکەن لە جەنگەکەدا، كه به‌شێ له ره‌مزه سهلفیهكان به‌ڕێبه‌رایه‌تی كاك دكتۆر عەبدوللەتیف به‌رجه‌سته‌ی ئەم دیدە ده‌كەن و کێشەی رەسەنایەتی مەنهەجیی هەیە، كه‌واته ئه‌وه‌ی جیاوازیی دیدو خوێندنه‌وه‌كان بۆ ئاكامی شه‌ڕه‌كه دروست ده‌كات و ده‌یكات به پڕوپاگه‌نده بۆ لێدوانی یه‌كتر، جیاوازبوونە له‌سه‌ر دیاریکردنی ناوەرۆکی خودی چه‌مكه‌كانی (سه‌ركه‌وتن ) و(شکست)، سه‌ركوتوو ژێركه‌وتوو، لەروویەکی ترەوە پەیوەندی بە ناسنامەی فیکری و ئایدۆلۆژی پاشخان ئیخوانی حەماسەوە هەیە، سه‌ركه‌وتوو یان شكستی خواردووه له ڕووی ئایدۆلۆژی و ناسنامه‌وه په‌یوه‌ندی بەواتایەکی تر بەشێ لە هەڵوێستگرتنەکە دەربارەی ئاکامی جەنگەکە، پەیوەندی بە جۆری تێڕوانین بۆ ناسنامەوە هەیە، بۆ نموونە سەلەفییەکی پاشخان مەدخەلی ئاسان نییە ستایشی هێزێك بکات زۆر و کەم لەسەر ئیخوان حساب بکرێت،چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشەش كه دابه‌شبوون و تۆمه‌تباركردن و دژایه‌تیكردنی یه‌كتری له كوردستاندا به دواوه بووە، چه‌ند شكستێكه له‌وانه‌ش:
1) خوێندنه‌وه‌و شرۆڤه‌ی بابه‌تی و زانستیانه، تێگه‌یشت له‌وه‌ی ڕوویداوه وه‌ك خۆی نەك وەك ئەوەی حەزمان لێیەو ئاواتی پێدەخووازین.
2) دووركه‌وتنه‌وه له‌لایه‌نگیری و سه‌یركردنی ئه‌وه‌ی ڕوویداوه وه‌ك ئه‌زموون بۆ لێوه‌فێربوون، چونكه كه لایه‌نگیری و (تبنی)كردن هاته پێشه‌وه، به سروشتی حاڵ هه‌ندێ هێزو ناوه‌ند له وڵاته‌كه‌ی خۆتدا نوێنه‌رایه‌تی (حه‌ماس) یاخود (ئیسرائیل) ده‌كات و ڕووی گوتارت ده‌كه‌یته ئه‌وان.
3) خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له‌وه‌ی ڕوویداوه له دیدێكی نیشتمانی كوردستانی ئاسۆ به‌رینه‌وه، بەو واتایەی ئێمەی کورد بەتایبەتیش لە باشووردا دەتوانین چی لێفێرببن و رەنگدانەوەی بەسەرماندا چی دەبێت.
4) تێكه‌ڵ نه‌كردنی پشتیوانی لەگەلی فەلەستین و هێزە بەرهەڵستکارەکانی به هه‌ڵوێستی سیاسی و گروپی لەهەرێمدا بەرامبەر بەیەکتر و به‌رجه‌سته‌كردنی له ده‌ربڕینی (هاوسۆزی)و (نزای خێر) و (كۆمه‌كی خێرخوازی و مرۆڤدۆستانە). چونكه ئه‌م جۆره مامه‌ڵه کردنە حوكمدانی تێدا نیه‌و ململانێی لێناكه‌وێته‌وه‌و ده‌بێته ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و ئینسانی و موسڵمانانه، لەهەمان کاتدا ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی تێدایە.
5) سه‌یركردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاكامی جه‌نگه‌كه له چوارچیوه‌ی مه‌سه‌له‌ی فه‌ڵه‌ستین و ململانێی ئه‌م گه‌له له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و هاوپه‌یمانه‌كانیدا.
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرسه‌كه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له پێشه‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد، سه‌نگه‌ر به‌ندی فیكری و گروپی و تا ڕاده‌یه‌ك سیاسی به دوای خۆ‌یا هێناوه، ده‌خوازم بڵێم: هه‌موو باسكردنێك له (سه‌ركه‌وتن) و (شكست) به‌بێ پێناسه‌كردنی هه‌ردوو چه‌مكه‌كه‌و دیاریكردنی پێوه‌رو گه‌ڕانه‌وه بۆ چوارچێوه گشتیه‌كان، هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌نهه‌جی و مامەڵەیەکی سۆزدارانەیە.
به‌شێ له دیمه‌ن و ئاكامەکانی جهنگهكهو ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌ی به دواشیدا هاتووه، هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌م دوو چه‌مكه لێكنادرێنه‌وه.
به حوکمی ئەوەی مه‌سه‌له‌كه له‌وە ئاڵۆزتره‌و پێویستی به عه‌قڵێكی (مركب)ە، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته قوڵایی كێشه‌كه‌و ڕه‌هه‌نده‌كانی دیاری بكات، وتیشمان جه‌نگه‌كه جگه له‌وه‌ی درێژه پێده‌ری سیاسه‌ته، له‌سه‌ر پرسێكی سیاسیشه كه پرسی داگیركردنی خاكه، (حه‌ماس)یش هه‌ر به‌و جۆره پێناسه‌ی ده‌كات و خۆی به به‌شێك له جوڵانه‌وه‌ی نیشتمانێتی فه‌ڵه‌ستینی ده‌زانێت و هه‌رواشه، تێكه‌ڵبوونی هه‌ندێ ڕه‌گه‌زی (عه‌قیده) به ململانێكان و (ئیسلامیی بوون)ی حه‌ماس له ڕووی ناوه‌ڕۆكی ناسیونالیزمهكهیهوه، له سروشتی ململانێكه ناگۆڕیت.
واته: ململانێكه له‌سه‌ر ئه‌وه نیه ئه‌وان جووله‌كه‌ن و ئه‌مان موسڵمانن، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌وان داگیركهرن و ئه‌مان خاك داگیر كرا‌و، بۆیه ئه‌گه‌ر پرسی داگیركاری به‌نیوه ناچڵێش چاره‌سه‌ر ببێت، واته: (ئیسرائیل) ئەگه‌ر نه‌خاته به‌رده‌م دروستبوونی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستینی له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه له سه‌ر خاكی مێژوویی فه‌ڵه‌ستین كه ئیسرائیل له جه‌نگی (1967)دا داگیری كردووە و له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشه‌وه هه‌مان پێناسه‌ی هه‌یه، ده‌توانن وه‌ك دوو دراوسێ به ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بژین.
ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێینه‌وه سه‌رباسی (سه‌ركه‌وتن) یاخود (شكست)ی لایه‌نه‌كان له‌م جه‌نگه‌دا، ده‌بێت پەلە نەکەین و پێش هه‌موو شتێك وه‌ڵامی كۆمه‌ڵێ پرسیار بده‌ینه‌وه، پرسیار‌و وهڵامهكانیش له‌به‌ره‌نجامی ئێستای جه‌نگه‌كه‌دا قه‌تیس نه‌ده‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها هه‌ڵقه‌یه‌ك له ململانێیه‌كی قوڵ و مێژوویی پێكده‌هێنێت، لێرەشەوە ده‌بێت بپرسین ئایه كاتێك به‌شێ له سه‌ركردایه‌تی حه‌ماس بڕیاری ئۆپراسیۆنی (8)ی ئۆكتۆبه‌ریان داوه ئامانجیان چی بووه؟ ئایه ئامانجیان ئه‌وه‌بووه به كوشتنی هه‌ندێ جوله‌كه، تۆڵه‌ی شه‌هیده‌كانیان بكه‌نه‌وه؟. هه‌ندێ دیلیش بگرن بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵ و گۆڕیان له‌گه‌ڵ دیله فه‌ڵه‌ستینیه‌كان پێبكه‌ن؟ كارته‌كان تێكه‌ڵ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیدی غه‌ززه وه‌ك زیندانێك بۆ دانیشتووانەکەی نه‌مێنێته‌وه‌و به كاریگه‌ری ڕێكه‌وتنه‌كانی (ئه‌براهام)و ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل مه‌سه‌له‌ی فه‌ڵه‌ستین پاکتاو نەکرێت؟ ئایە وێنای ئه‌و كاردانه‌وه‌یان كردووه كه جه‌نگه‌كه به دوای خۆیدا هێنای؟ ئه‌وه‌ی كردیان یه‌كیه‌تی نیشتمانی ڕێزی فه‌ڵه‌ستینیه‌كانی به دوادا دێت؟ حه‌ماس له پێش جه‌نگه‌كه به‌هێزتر ده‌بێت؟ ئیسرائیل لاوازتر بووه‌و تواناكانی كه‌متر بوونه‌وه‌و یه‌كیه‌تی ناوخۆیی زه‌بری به‌ركه‌وتووه؟
مه‌سه‌له‌ی فه‌ڵه‌ستین له پاكتاوكردن ڕزگاری بووەو شانسی رزگاری و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستینی سهربهخۆو زۆر لەجاران تربووە؟ ئه‌و گۆڕانه جێ‌و سیاسی و هه‌رێمی یه‌ی جه‌نگه‌كه به‌دوای خۆیدا هێناوه دژ به ئیسرائیل و له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی و هێزە بەرهەڵستکارەکانییەتی یاخود به پێچه‌وانه‌وه؟ حه‌ماس ده‌توانێت وه‌ك جاران حوكمڕانی غه‌ززه بكاته‌وه، یاخود حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی فه‌ڵه‌ستینی به به‌شداری ئه‌و داده‌مه‌زرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و كاركردن بۆ مه‌سه‌له نیشتمانیهكه دێته‌كایه‌وه؟
ئایه دانانی چه‌كی حه‌ماس ناكرێت به پێش مه‌رجی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی غه‌ززه‌و سڕێنه‌وه‌ی به‌شێ لهوێرانیهكان؟ ئایە وێرانکردنی ناکرێتە بیانوو بۆ کۆچ پێکردنی زۆرە ملێی دانیشتووانەکەی لە داهاتوودا؟
ئایه جه‌نگه‌كه ئیسرائیلی نه‌كرد به زلهێزێكی له جاران هه‌ژمووندار تری ناوچه‌كه؟ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له قه‌راغی هه‌رسهێنانی نزیك نه‌كرده‌وه‌و له ڕووی هه‌ڵنه‌ماڵی به حوكمی ئه‌و كاره‌ساته گه‌وره‌ی به به‌رچاوی دنیاوه به‌سه‌ر گه‌لی به‌ش مه‌ینه‌ت و خۆڕاگر‌و بێ تاوانی غه‌ززه‌دا هات؟ کاتێك بەم جۆرەشی لێهات بەچاکە بۆ سەر مەسەلەی فەلستین و سەربەخۆیی گەلەکەی دەشکێتەوە؟
خودی ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ی ئێستا داخۆ كاتیه یاخود ته‌نها بۆ ئازاد كردنی دیلهكانهو ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جەنگ لەئایندەدا هه‌یه؟ ئایه دوای غه‌ززه سه‌ره‌ی كه‌رتی خۆرئاوا نایەت؟ تره‌مپ له بارته‌قای وه‌ستاندنی جه‌نگی غه‌زه چاو له خستنه پاڵی ئۆردوگا جوله‌كه نشینەكان و به‌شی زۆری ئه‌و به‌شه له خاكی فه‌ڵه‌ستین بۆ ئیسرائیل نا‌پۆشێت و به‌وه‌ش مه‌سه‌له‌ی رزگاری و پرسی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین به‌ره‌و پاكتاو كردنی كۆتایی ناچێت؟
دوای وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌توانین له ڕەههنده سیاسیه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به (حه‌ماس) باس له سه‌ركه‌وتن یاخوود شکست بكه‌ین یان بەدووای دەربڕینی سێهەمدا بگەڕێین، چونكه جه‌نگه‌كه به‌ره‌نجامی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاستی (مه‌سه‌له‌ی فه‌ڵه‌ستین) هه‌رێمه‌كه‌و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ ئاستی جیهانیشدا دەێت. به حوكمی ئه‌وه‌ی ڕوسیای له ناوچه‌كه‌وه دهركردو (چین) و (ئێرانی) لاواز كرد.
هه‌موو ئه‌وه‌ی باسمانكرد، مانای ئه‌وه نییه ڕێز له خۆڕاگری ئه‌فسانه‌یی و سەرسووڕهێنەری جه‌نگاوه‌رانی حه‌ماس و گروپه فهڵهستینهیهكان و ته‌نانه‌ت ژن و مناڵه غه‌ززه‌ییه‌كان و کۆی دانیشتووانەکە نه‌گرین كه به كردەوە وانه‌یه‌كیان له هێزو خواست و خۆڕاگری بۆ ئاستی سه‌رسام بوون له‌م چه‌رخه‌دا پێشكه‌ش كرد، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد تا ئه‌م ساته وه‌خته ئیسرائیل شكست بخوا له‌وه‌ی ئیراده‌یان تێکبشکێنێت، یاخود گه‌ل و به‌رهه‌ڵستی له یه‌كتر بكات، دانیشتووانی غه‌ززه كۆچ پێ بكات و دووباره غه‌ززه دایگر بكاته‌وه. له‌م ئاستەداو تاکو ئێستا ئیسرائیل شكستی خواردووه، تا نه‌یتوانیوه زۆرێ له‌و ئامانجانه‌ی بۆ جه‌نگه‌كه‌ی دیاری كردبوون به‌دییان بهێنیێت، ناچار بوو به ڕێكه‌وتن دیله‌كانی لای حه‌ماس ئازاد بكات و هه‌ندێ مه‌رجیشیان قبوڵ بكات، له‌سه‌ر ئاستی مه‌عنه‌ویش باجێكی گه‌وره‌یدا، چونكه جگه له‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی و هه‌ندێ له كاربه‌ده‌ستانی له ده‌زگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه وه‌ك تۆمەتبار بەتاوانی کۆمەڵکوژی و جه‌نگ ناسراون، بۆیه كه‌م جاریشه به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب بچێته جهنگێگهوه و ئه‌و هه‌موو كاته بخایه‌نێت و هێشتا سه‌ركه‌وتنێكی به‌ده‌ست نه‌هێنابێت به‌رامبه‌ره‌كان ملكه‌چی مۆركردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بكات جا ڕاسته‌وخو بێت یاخود ناڕاسته‌وخۆ و له‌ڕێگه‌ی جۆری ناوبژیوانی و ئاگربه‌سته‌كان و ڕێكهوتننامهكانهوه بێت، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت ئیسرائیل له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه، هاوسه‌نگی هێزی له ناوچه‌كه‌دا بەقازانجی خۆی گۆڕیوه‌و هێشتاش پرۆسه‌ی گۆڕانكارییه‌كان له‌م چوارچێوه‌دا به‌رده‌وامن.
به كورتی ده‌بێت له ئاستێكی مه‌ودا كورت و ئێستای به‌ره‌نجامه‌كان و له ڕوانگه‌ی ئامانجی هێزه‌كان له جهنگهكهو ئه‌و ئاكامانه‌ی له ئاستی غه‌ززه‌و فه‌ڵه‌ستین و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به دوای خۆیدا هێناون بریاری کۆتایی نەدەین و ناوەرۆکی چەمکەکان دیاری نەکەین.
بەڵکو ستراتیژی تر‌و هەمەلایەنەتر لێیبروانین كاتێك لایه‌نێكیش سه‌رناكه‌وێت مه‌رج نییه واتای سه‌ركه‌وتنی لایه‌نه‌كه‌ی تر بگه‌یه‌نێت، چونكه ده‌كرێت باس له‌و دوو جۆری (شكست) یاخود (سه‌ركه‌وتن)یش به دیدو پێوه‌ری جیاواز بكه‌ین، كه‌واتە پێویسته له ڕوانگه‌یانه‌وه باسی (سه‌ركه‌وتن) و (شكست) به واتای سیاسی و ژیاری و سه‌ربازیی و نیشتمانیه‌كه‌ی بكه‌ین ئاکامە دوور مەوداکان و لێکەوتەکان و ئامانجە گەورەکان لەبەرچاو بگرین.
مەبەستیشمان لە به‌ره‌نجامه دوور مه‌وداكانی جه‌نگه‌کە ته‌نها باسی (كات) نیه، به‌ڵكو ئه‌و بهرهنجامانهن له‌سه‌ر كۆی پرسی فه‌ڵه‌ستین و هاوسه‌نگی هێزو دووباره شكڵدانهوه به خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی لێده‌كه‌وێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا سه‌باره‌ت به (حه‌ماس) به سه‌ركه‌وتن له قه‌ڵه‌م بده‌ین و خوا نه‌خواسته ببێته سه‌ره‌تاو بیانووی شكستی گه‌وره بۆ مه‌سه‌له‌ی فه‌ڵه‌ستین و ناوچه‌كه، سه‌ركه‌وتنه‌كه تاكتیکێكه كه ئه‌وه‌ی ئێستایه ئه‌گه‌ر به سه‌ركه‌وتن وه‌سفی بكه‌ین كه‌لانی كه‌م (نه‌به‌زین)ە، له زۆرێ له ئاماژه‌كانی خاڵی ده‌كاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ململانێكاندا (سه‌ركه‌وتن) و (شكست)ی كۆتایی بهستراتیژهكان ده‌پێورێت نه‌ك به تاكتیكهكان.
لەبه‌ر رووناكی هه‌موو ئه‌وه‌ی پێشەوەش مه‌به‌ستمه بڵێم:
هێشتا زووه به ناوه‌ڕۆكه سیاسی و ستراتیژییه‌كه باس له سه‌ركه‌وتنی حه‌ماس و فه‌ڵه‌ستینیه‌كان بكه‌ین و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی پرسیاره وروژێنراوهكان و ڕۆژانی داهاتوو بكه‌ین، به‌ڵام زۆر گرنگه باس له توانای سهرسوڕهێنهرو خۆراگری (حه‌ماس)و غه‌ززه‌ییه‌كان و ده‌ستگرتنی توندیان به پرسی خاك و ڕزگارییه‌وه بكه‌ین، ئه‌م ڕووه‌ی دیمه‌نه‌كه به‌تایبه‌تی بۆ كوردی باشوور زۆر گرنگه، به حوكمی ئه‌وه‌ی له سۆنگه‌ی هۆكاری جۆراوجۆره‌وه به‌شێكی به‌رچاوی توانای خۆڕاگری و ده‌ست گرتن به پرسی خاك و ڕزگاریمان له ده‌ست داوه.
بۆ ئیسلامییه‌كانیش گرنگه بۆ ئەوەی وا نه‌زانن سه‌ركه‌وتنی (حه‌ماس) بۆشایی كار‌و شوێنی ئه‌مان له كوردستان پڕده‌كاته‌وه.