شاندێكی باڵای ئەمریكا سەردانی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان دەكات



 

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی باڵای وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەردانی باشووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان بكات.

بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ شاندێكی باڵای ئەمریكا بەسەرۆكایەتی برێت مەكگۆرك نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، لەگەڵ ڕاوێژكاری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە سەردانی باشووری كوردستان بكات.

بەپێی زانیارییەكان لەسەردانەكەیدا بۆ باشووری كوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا و شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشدا كۆدەبێتەوە.

ئامانج لەسەردانەكەی شاندە ئەمریكاییەكە بۆ تاووتوێكردنی ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی لەلایەك و پەیوەندیەكانی هەرێَم و بەغدایە لەلایەكی دیكەوەیە.

ئەم سەردانە لە حاڵێكدایە كە ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی لەنێو حكوومەتدا تووندبوونەوە و هەردوو تیمی ئەو دوو حیزبە لە حكوومەت بە تووندی هێرشی سەر یەكدی دەكەن.

دواتر شاندەكەی ئەمریكا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات و لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی هێزەكانی سووریای دیموكرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر گفتووگۆیان لەسەر ناوچەكە بەتایبەت هەڕەشەی لەشكركێشییەكانی توركیا دەبێت.

ئەوە لە حاڵێكدایە چەند ڕۆژی ڕابردووش شاندێكی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی نیكۆلاس گرانگەری نێردراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانیكرد.

بەپێی زانیارییەكان، شاندەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كۆبووەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەڵێن، شاندەكە لە كۆبوونەوەكاندا باسی لە هەڵوێستی ئەمریكا كردووە لەسەر ڕەوشی ناوچەكە و ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا، دووپاتیكردووەتەوە كە دەبێت سەقامگیری ناوچەكە بپارێزرێت، دژی هەر جووڵەیەكن كە ئارامی ناوچەكە تێكبدات.

هاوكات شاندەكە، نیگەرانی خۆشی لە هەوڵەكانی نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق نیشانداوە، ئەو هەنگاوانەی بە دژی گەلانی سووریا زانیوە.

چوونی شاندەكە بۆ ڕِۆژئاوا لە حاڵێكدایە، بەپێی زانیارییەكان ئەمریكا پلانێكی نوێی سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەویش خۆڕێكخستنەوە و دووبارە دابەشبوونەوەی سەربازی و دروستكردنی چەند بنكەی سەربازی نوێیە.

هاوكات سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، بەردەوام ئەمریكا هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان زیاد دەكات لە ڕووی هێزی مرۆیی و ئامێر و كەرەستەی سەربازییەوە، دوو ڕۆژی ڕابردوو كاروانێكی دیكەی سەربازی ئەمریكا گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان.

ئەو جموجۆڵە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییانەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان هاوكاتی هەوڵەكانی توركیا و ڕووسیا و سووریایە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك كە ئامانجی یەكەمی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستانە بە واتایەكی دیكە ناو جێنفووزەكانی ئەمریكا.

بەڕای شارەزایان ئەم جموجۆڵانەی دەوڵەتانی ڕووسیا و توركیا و سووریا و دواجاریش ئێرانیش هاوڕایانە، بۆ گووشارهێنانە بۆ بوونی سەربازی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان و لەنێوبردن یان لاوازكردنی دەسەڵاتی خۆسەری كوردی ڕۆژئاوا.

ناتۆ: پڕچەككردنی ئۆكراین ڕێگای ئاشتی نزیكدەكاتەوە
پێت ناتۆ: پڕچەككردنی ئۆكراین ڕێگای ئاشتی نزیكدەكاتەوە
نەخۆشخانەی پشیلەکان لە سلێمانی
دوات نەخۆشخانەی پشیلەکان لە سلێمانی
پەیوەنیدر