وێرای ئەو ٦٠ ڕۆژە کە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دانرابوو، بەڵام ھێشتا ھێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان نەکشاونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەو ٦٠ ڕۆژەی کە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دانرابوو کۆتایی پێ دێت، بەڵام ھێشتا ھێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان نەکشاونەتەوە.
ھێشتا ھێزەکانی ئیسرائیل لە ژمارەیەک ناوچەی سنووری باشووری لوبنان ماون و نەکشاونەتەوە کە ئەوەش بە پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای ئەو ڕێککەوتنە ئاگربەستە ھەژمار دەکرێت کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤وە کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لە ئاوارەکانی دانیشتووی ناوچەکانی باشووری لوبنان، ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە کاتێکدا کە ھێزەکانی ئیسرائیل و ھێزی ئاشتیپارێز سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNIFIL) و سوپای لوبنان، ڕێوشوێنی ئەمنی توندیان لەوبارەیەوە گرتووەتەبەر.
لەوبارەیەوە دەیان کەس لە دانیشتووانی شارۆچکەکانی مەیس جەبەل، حولا، کەفر کەلا و تەیبە (باشووری لوبنان) دوای تێپەڕاندنی بازگەکانی سوپای لوبنان، ھەروەھا ئەو بەربەستانەیان تێپەڕاند کە ڕۆژی شەممە لەلایەن ھێزەکانی ئیسرائیلەوە دروست کرابوون و گەیشتنە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوا.
دوێنێ شەممە، سوپای لوبنان داوای لە دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری لوبنانی کردبوو چاوەڕێ بکەن پێش ئەوەی بەرەو ناوچەکانیان بگەڕینەوە بڕۆن، ئەمەش وەک مەترسی لەو مین و بۆمبانەی کە ئەگەری ھەیە پێشتر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە ناوچەکانی باشووری لوبنان دانرابن، ھەروەھا سوپای لوبنان سوپای ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرد کە ھەوڵدەدات لەسەر خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان بکشێتەوە.
ھەروەھا سوپای لوبنان جەختی لەوە کردووبوویەوە کە ” گرنگە ھاووڵاتیان ئاگادار و پابەندبن بە ڕێنماییەکانی فەرماندەیی سوپا و ڕێنماییەکانی یەکە سەربازییە بڵاوکراوەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان”.
ھاوکات ئەفیخای ئەدرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەوەی وەبیر دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان ھێناوە کە تا کاتێکی نادیار ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
ئەفیخای ئەدرعی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” نەخشەی ژمارەیەک گوندی سنووری باشووری لوبنان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ھۆشداری داوە بە دانیشتووانەکانی ئەو گوندانە لەوەی تا کاتێکی نادیار نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و نووسیوویەتی: “سوپای ئیسرائیل نیازی نییە ئێوە بکاتە ئامانج، بۆیە لەم قۆناغەدا تا کاتێکی نادیار ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆتان”.
ڕۆژی ھەینی ڕابردوو، کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە پێویستە بەپەلە، ڕیککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان درێژ بکرێتەوە.
ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو بانگەشەی ئەوەی کردبوو، داڕشتنی ئەو بەشەی ڕێککەوتنەکە کە پەیوەندی بە وادەی کشانەوە ھەیە “ئەوە مانای ئەوەیە کە دەکرێت زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ بخایەنێت”.
ھەروەھا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دەوڵەتی لوبنان “ڕێککەوتنی ئاگربەستی بە تەواوی جێبەجێ نەکردووە” و ڕاشیگەیاندبوو: “پرۆسەی کشانەوەی وردە وردە (لە باشووری لوبنانەوە) بە ھەماھەنگی تەواو لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت”، بەبێ ئەوەی وادەیەک بۆ تەواوبوونی دیاری بکات.