سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی راگەیاند: هەوڵێکی زۆردرا بۆ هاوتاکردنی مووچەی ئەو کەسانەی پێش ساڵی 2014 لە هەرێمی کوردستان خانەنشینکراون، دواجار حکومەتی هەرێم چووە ژێر باری ئەوەی ئەو کارە بکات.
باسی لەوەشکرد: “لەبەر ئەوەی ئەو کردارە دەرهاویشتەی دارایی هەیە بۆیە لە شار و شارۆچکە بچووکەکانی وەک هەڵەبجە و کۆیەوە دەستیپێکردووە”.
وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە لیستی مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵدا خانەنشینانی شارە گەورەکانیش مووچەکانیان هاوتای عێراق بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە هاوشێوەی ئەوانەی دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون.