ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، ئەو دەسەڵاتەی لە بەغداد حوکمڕانە نەیتوانیوە خۆی لە خۆپەرستی و تاکڕەوی ڕزگار بکات، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان نەرمی زۆریشی نواندووە.
عارف ڕۆشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سیمینارێکدا کە لققی شەشی ئەوروپای حزبەکەی بۆی سازکردبوو، تیشکی خستووەتەسەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.
لەو بارەوە باسی لەوەکردووە: “ئێمە بەشێکین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشکراوین، وەک نیشتمان و وەک نەتەوە بە بەردەوامی لە هەموو بەشەکانی کوردستان چەوسێنراوینەتەو، ڕاستە ئێمە لە بەشێکی کوردستان سەربەخۆییمان هەیە و خاوەنی کیان و حکومەتی خۆمانین، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی لە ناوەند لە بەغدا حوکمڕانە، نەیتوانیوە خۆی لە خۆپەرستی و تاکڕەوی ڕزگار بکات”.
باسی لەوەشکردووە: “ئێمە زۆر هەوڵمان داوە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە بگەینە چارەسەر و نەرمیی زۆرمان بەرامبەریان نواندووە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام بەداخەوە بێ ئەنجام بووە و گەیشتووەتە ئاستێک کێشەکان یاری بە هەموو پیرۆزییەکانی کوردستان دەکەن”.
ئەوەشی وتووە: بەداخەوە لە کوردستان بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی هەیە، ملکەچ یان لادەر پەیدا بوون و هەندێ قەڵەم بەدەستی بەناو ڕۆشنبیریان تیادایە ئاو دەکەنە ئاشی ئەو چەوساندنەوەیەی لە دژی کوردستان دەکرێت لە بەغداد.
دەشڵێت: “ئەو بڕیارانەی کە لە بەغدا دەردەچن، بە تایبەتی لە دادگای فیدراڵی، ئەگەر پاڵپشتی و دەستخۆشیی ئەو لایەنانە نەبێت، عێراق ناتوانێت وا بە ئاسانی ستەممان لێ بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزێکی ڕەسەنی کوردایەتی، توانا و ئامادەییەکی زۆر باشی هەیە لە ڕاگرتنی پارسەنگەکان، چ لە لایەن هەرێم و چ لە لایەن عێراقەوە”.