مامۆستایانی گرێبەست هەنگاوەكانیان بۆ بە هەمیشەیی كردنیان دەستپێكرد و ئەمڕۆ سەردانی پەرلەمانی عێراقیان كردووە.
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە بەیاننامەیەكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژە بەوەدەكەن، ئەمڕۆ بۆ دوو مەبەست سەردانی هەریەک لە پەرلەمانتاران (سۆران عومەر و د. بڕیار ڕەشید)یان كردووە.
یەکەم : داوامان کرد داوا بکرێت ناوی مامۆستایانی گرێبەست بچێتە ناو لیستی مووچەخۆرانی عێراقەوە و لەڕێی لیژنەی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا، فشار بکرێ تا لەکۆبوونەوەی ڕۆژی دوو شەممەی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم، ئەو بابەتە جێگیر بکرێ و پارەی مامۆستایانی گرێبەست بخرێتە سەر بەغدا.
دووەم : هەرێم لە ڕێی هەمان لیژنەی دانوستانکارەوە دەتوانێت دوای بڕیاری خانەنشینیی بە پێی یاسای (حذف و الٳستحداث) لەجێی 7000 مامۆستای خانەنشینکراو ، 7000 مامۆستای گرێبەست بە پێی پێوەر و ساڵی خزمەتی زۆریان بکاتە هەمیشەیی، ئەمەش یاسایەکی ڕێێدراوە، کە لەجێی هەر وازهێنانێک، یان خانەنشین بوونێک پێشتر لە عێراق کاری پێکراوە ..
ڕوونیشیان كردۆتەوە، لەو ڕۆژانەی داهاتوودا هەوڵەکانمان لەگەڵ تیمی دانوستانکاری هەرێم و بەغداد چڕتڕ دەکەینەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم لەکۆبونەوەی ڕۆژی دوو شەممەیان لەگەڵ دارایی عێراق ڕاشکاوانە داوای ئەو پلە وەزیفییانە بکات، کەبەهۆی یاسای خانەنشینیەوە لەوەزارەتی پەروەردە بەتاڵ دەبێت، لەجێیان مامۆستایانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی.