ئەنجوومەنی فەتوای هەرێم هەڵوێستی لەسەر یاساكەی عێراق ڕاگەیاند



سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکات، کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردا و دەشڵێت: “پێیان ناپەسەندە کچ لەم سەردەمەدا لە تەمەنی کەمتر لە باڵغ بوونی بەهیچ پاساوێک بە شوو بدرێت و بۆ کوڕیش ناپەسەندە پێش باڵغ بوونی کچی لێ نیکاح بکرێت، چونکە دەرئەنجامەکەی نەخوازراوە و کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دروست دەبێت.”

پرۆفیسۆر دکتۆر حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،” ئەوەی کە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە ئێمە پێی ڕازی نین، چونکە کاتێک دروستە بە شوودانی کچی خوار تەمەنی باڵغ بوون کە وەلی واتە سەرپەرشتیارەکەی، عەدالەتی تەواوی تێدا هەبێت، واتە خۆی بە تەواوەتی لە گوناهـ بپارێزێت لە ئێستاشدا ئەو جۆرە وەلیانە زۆر دەگمەنن، هەروەها پێویستە بدرێت بە هاوشانی خۆی، ئەگەرنا نادروستە و پاش باڵغ بوونی کچەکە بۆی هەیە داوای فەسخ و هەڵوەشاندنەوەی نیکاحەکە بکات.”

وتیشی،”گومان لەوەدا نییە کە ئەو پڕۆژە یاسای کە شیعە پێشکەشی کردووە و پاشان بەسیاسەتی چەوتی (دەنگم بەرێ دەنگت دەدەمێ) ڕوێنراوە، کە کچ دروست بێ لە 9 ساڵیدا بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی لێ پەیدا دەبێت.”

پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی 21ی مانگی 1ی 2025 دەنگی لەسەر سێ پرۆژە یاسای هەستیار دا، کە یەکێکیان باری کەسێتیە. تێپەڕاندنی یاساکە کاردانەوەی لە سەر ئاستی عێراق و جیهانیشدا بەدوای خۆیدا هێنا؛ ڕەخنەگران دەڵێن: بڕیارەکە دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم بەیاسایی کردنی بەشوودانی کچانی منداڵ.

ڕەخنەگران هەروەها دەڵێن: یاساکە بووەتە هۆی فراوانبوونی دەسەڵاتی ناوەندە مەزهەبیەکان و بەهێز بوونی ڕۆڵی عەشیرەت و کەلتور لە بڕیارە کۆمەڵایەتیەکاندا.

تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراق، کورد و سوننە بە “مەترسیەکی گەورە”ی دەزانن، چونکە ڕۆڵی دادگاکان لە گرێبەستی هاوسەرگیری کەم دەکاتەوە و ڕۆڵ دەدات بە مامۆستایانی ئاینی مزگەوت و حوسەینییەکان و دەتوانن بە ویستی خۆیان بڕیار لە بارەی چارەنووسی کچانەوە بدەن بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەختە.

پرۆفیسۆر دکتۆر حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان ڕاشگەیاند،” بۆ ئەم زەمانە ناگونجێت و مەرجە شەرعییەکان تێیاندا هەرگیز بەرجەستە نابێت، بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆژە یاساکە دەکەین یاخود لانی کەم سنووردارکردنی بە مەرجە شەرعییەکان.”

وتیشی،” دەشپرسین ئایا باشتر وانەبوو لەم کاتەی کە عێراق غەرقی کێشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەندەڵی بووەتەوە پێویست بوو پەرلەمان کێشە گەورەکان چارەسەر بکات، نەک بپێچێت بە شتی لەوچەشنە، کە بۆ ئەم سەردەمە زۆر ناپەسەند و نا بەجێیە و گرفتی گەورەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.”

داواکاری بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی کە شیعە پاڵپشتی دەکرد و دەنگی پێدا لەلایەن پەرلەمانتارێکی شیعە مەزهەب بە ناوی ڕائد مالیکی، پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرابوو بۆ هەمواری مادەکانی 2 و 10 لە هەمواری یاساکە ئەوە هاتووە: ڕێگا بە پیاوانی ئاینی شیعە و سوننە دەدات بڕیار لەسەر کاروباری هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میرات بدەن.

دوێنی هەینی 24ی مانگی 1ی 2025، عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، وتی،” لە پێناو پاراستنی مافی ئەو کچە منداڵانەی لە تەمەنی خوار 18 ساڵ بەشوو دەدرێن، پیداگریمان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای باری کەسێتی کردووە، بەو پێیەی لە ناوچە گوندنیشینەکان خێزانەکان کچەکانیان لە تەمەنێکی کەم بەشوو دەدەن و بە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، کچەکان دەتوانن مافە یاساییەکانیان دەستەبەربکەن.”

تا ئێستا لەدادگاکانی هەرێمی کوردستان کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە کوڕان مارە ناکرێن، هەربۆیە بەشوودانی پێشوەختە ناڕەزای توندی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دروست کردووە و شیعە لەگەڵێتی و سوننە و کورد دژین و دەڵێن: هەمواری یاساکە دەرگا دەخاتە سەر پشت بۆ چەوساندنەوەی ئەو کچە منداڵانەی، کە تەمەنیان لە 9 ساڵانەوە دەست پێدەکات.

مەرجی پێدانی كارەبای 24 كاتژمێری بە هاووڵاتیان ڕاگەیەنرا
پێت مەرجی پێدانی كارەبای 24 كاتژمێری بە هاووڵاتیان ڕاگەیەنرا
ولایەتێكی ئەمریكا لە تەواوی هاویندا ڕۆژە و شەو نایەت
دوات ولایەتێكی ئەمریكا لە تەواوی هاویندا ڕۆژە و شەو نایەت
پەیوەنیدر