وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرجەم هاوکارییە دەرەکەییەکانی ڕاگرت، بەڵام بڕیارەکە ئیسرائیل و میسر ناگرێتەوە.
بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرجەم ئەو هاوکارییە دەرەکییانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشکەشی وڵاتانی دەکردن، ڕاگیرا، جگە لە هاوکارییەکانی ئیسرائیل و میسر.
ئەمریکا بە گەورەترین کۆمەکبەخشی جیهان دادەنرێت و تەنها لە ساڵی 2023دا 72 ملیار دۆلاری بە وڵاتان و ڕێکخراوەکان بەخشیوە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەدا دێن کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بە چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربوونی دەریکردن.
یەکێک لە بڕیارەکانی ترەمپ ڕاگرتنی سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکان بوو بە مەبەستی چاوپێداخشانەوەیان بۆ ماوەی 90 ڕۆژ.
ئەمریکا ساڵانە 3.3 ملیار دۆلار وەک هاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئیسرائیل دەکات و میسریش 1.3 ملیار دۆلار وەردەگرێت.
ئەو وڵاتانەش کە بڕیاربوو ئەمساڵ لەسەر داوای جۆ بایدن سەرۆکی پێشوو هاوکاری لە ئەمریکا وەربگرن بریتین لە: ئۆکراینا، جۆرجیا، ئیستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا، تایوان، ئیندۆنیزیا، فلیپین، تایلاند، ڤێتنام، جیبۆتی، کۆڵۆمبیا، پەەنما، ئیکوادۆر و ئەردەن.