بارزانی هەڵوێستی خۆی دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێم و ڕۆژئاوا ئاشکرا دەکات



مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای حزبەکەی کە ئەمشەو بڵاوکرایەوە، لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند، دەمزانی ڕژێمی ئەسەد دەڕووخێت و دیار بوو كە لە دۆخێكی خراپدایە، بەڵام نەمدەزانی بەو شێوە خێرایە دەڕوات، ئەمەش هەمان سیناریۆی ڕووخانی سوپای عێراق بوو لە مووسڵ لە كاتی شەڕی داعشدا.

سەبارەت بە ئەحمەد شەرع دەڵێت، ئەوەی تا ئێستە لەسەری دەیبیستین جێی دڵخۆشكەرە و هیوادارین ببێت بە كردار و مافی خۆمانە هۆشیار بین لەسەر ئەوەی داخۆ دەبێتە ڕاست یان نا، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بكەین. ئەوەی چاوەڕێی دەكەین ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ كورد دەكرێت لە وڵاتەكەدا، داخۆ لە سیستەمی نوێی سووریادا دەگەن بە ئازادی و مافەكانیان و هەست بە كەرامەت و هاووڵاتیبوونی خۆیان دەكەن. داوا لە كوردی سووریاش دەكەین ڕێگەی گفتوگۆ بگرنە بەر و داواش لە سووریا دەكەین لە ڕێی گفتوگۆوە مامەڵە بكەن.

مەسعود بارزانی دەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش گوتی، ئێمە پێمان وا بوو دۆخێكی مێژوویی گونجاوە كە لەگەڵ بەڕێز مەزڵوم عەبدی كۆ ببینەوە و پێشوازیم لێ كرد. ئامۆژگاریم كرد كە كۆڵ نەدات لە هەوڵدان بە ڕێگەی ئاشتی و ڕێگەی یەكگرتوویی گەلی كورد بگرنە بەر.

گوتیشی، ئەوان هەرگیز نایانەوێت جیا ببنەوە لە سووریا، بەڵكو دەیانەوێت لەژێر سووریایەكی یەكگرتوودا مافەكانی كورد مسۆگەر ببێت و ئامۆژگاریشم كردن سنوورێك بۆ ڕۆڵی پەكەكە دابنێن بۆ ئەوەی نەبێتە بیانوو تا توركیا سنووریان ببەزێنێت.

لەبارەی نموونەی عێراق بۆ سووریا كە كورد لەوێش هەرێمێكی فیدراڵی هەبێت، مەسعود بارزانی گوتی، فیدراڵی چارەسەرێكی دادپەروەرە و باشترینە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دەسەڵاتی ئەوێ ئەو چارەسەریان پێ باش نەبێت، ئەوا نابێت لە بەرانبەرەكەیدا دیسان چەوسانەوەی كورد بێت، بەڵكو بە هەر شێوەیەك بێت دەبێت كورد مافەكانیان دەست بكەوێت و هەست بە ئازادیی خۆیان بكەن.

سەرۆكی پارتی لەبارەی مافی سەربەخۆیی كوردستان دەڵێت، ئێمە لەگەڵ دەرفەتەكاندا بە هۆشیارییەوە مامەڵە دەكەین و پەلە ناكەین، بەڵام مافی گەلی كورد وەكو گەلێكی سەربەخۆ، ئەمە خوا پێی بەخشیوین و كەس ناتوانێت ئەم مافەمان لێ بستێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە بەگشتی لەبارەی دۆخی كورد لە ڕۆژئاوا گەشبینە، بەڵام بە هۆشیارییەوە.

بارزانی باسی سەردانی شاری قامیشلۆش کرد كە ساڵانی نەوت سەردانی كردووە و دەڵێت، قامیشلۆ لە دڵمدایە و هیوادارم بەم نزیكانە سەردانی بكەمەوە، وەك چۆن من لە دڵی ئەواندام.

لەبارەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا كە تا ئێستەش بەرانبەر حكومەتی فیدراڵی لە دۆخی ناڕەحەتیدایە، سەرۆكی پارتی گوتی، كێشەی ئێمە نیەتە، ئەگەر نیازپاك بن، هەموو شتێك چارەسەر دەبێت و زۆر ئاسانە، ئەگەر نیازپاكیش نەبن، بە هەزار دەستوور كێشەكان چارەسەر نابێت.

وتیشی، هەموو هەوڵێك درا لەڕێی لاوازكردنی پارتییەوە، گەلی كورد لاواز بكەن، بەڵام خۆشبەختانە پارتی زیاتر لە 800 هەزار دەنگی هێنا و ئەگەر دەنگی كەركووك و مووسڵیشی بكەینە سەر، دەگەینە یەك ملیۆن دەنگ كە بڕوا ناكەم لە هەموو عێراقدا حیزبێك هەبێت بتوانێت ئەوەندە دەنگ كۆ بكاتەوە. ئامانجی ئەوان لە پیلانەكانیان بۆ سەر پارتی، لاوازكردنی كوردستان بوو، بەڵام شكستیان هێنا. ڕاستییەكەی لەو دۆخە تەناهی و ناخۆشەدا، بڕوام نەدەكرد ئەوەندە بە ئاسانی و ڕێكوپێكی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.

وتیشی؛ ئێمە پاش هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو لایەك دانیشتووین بۆ ئەوەی كابینەی نوێی حكومەت پێك بێت. ڕاستییەكەی من پێم خۆشە هەموو حزبە براوەكان بێنە حكومەتەوە، چونكە حكومەتی هەموویانە و جێی هەموویان دەبێتەوە، بەڵام هەندێكیان هەر زوو بڕیاریان دا كە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و ئێمە ڕێز لە بڕیاری هەموو لایەك دەگرین و تا دوایین ساتەكانیش داوایان لێ دەكەین بێنە ناو حكومەتەكەوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كێن ئەو لایەنانەی نایانەوێت كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق چارەسەر بێت، مەسعود بارزانی گوتی، ئەو حزبانەن كە نەیانتوانیوە شەقامێك دروست بكەن و چاویان بە پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت.

بارزانی لەبارەی نائومێدیی چارەسەربوونی كێشەكانی كورد لە بەغدا دەڵێت، زۆر جار بیرمان كردووەتەوە لە بەغدا بكێشینەوە، چونكە ئێمە لەوێ داوای پۆست و كورسیمان نەكردووە، ئێمە داوای مافی گەلەكەمان كردووە، ئەگەر وای لێ هات بكێشینەوە، بە تەواوی دەكێشینەوە.

لەبارەی مەترسیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق دەڵێت، ئێستە مەترسییەكە كەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا ماوە، بە تایبەتی ئەگەر میلیشیاكان ئامادە نەبن چەكەكانیان ڕادەستی حكومەت بكەن و هێرشی ئاسمانی لە عێراقەوە نەوەستێت.

بارزانی ڕاشیگەیاند، هەتا هێزێك لە عێراقدا هەبێت كە لە دەرەوەی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی عێراق بجووڵێتەوە، مەترسیی ئیسرائیلی لەسەر دەمێنێت.

لەبارەی غەززە مەسعود بارزانی دەڵێت، هیوادارم ئەو كارەساتەی لەوێ ڕووی دا كۆتایی پێ بێت و ئەم ڕاگرتنی شەڕە بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە وەكوو هەرێمی كوردستان دوورین لەو بابەتەوە و بەشێك نین لە كێشەكە.

لەبارەی هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا و كاریگەرییان لەسەر ئێران، سەرۆكی پارتی دەڵێت، ئێرانییەكان زیرەكن و هیوادارم چارەسەرێكی ناوەند لە نێوانیاندا دروست ببێت و بەڕاستی چارەسەریش ببێت نەوەك وەك ڕابردوو لەم دۆخەدا هەڵواسراوەدا بێت.

بارزانی باسی سەردانەكەی سەرۆكی ئێران دەكات بۆ هەرێمی كوردستان و دەڵێت، ئێمە هەردووكمان لەدایكبووی شاری مەهابادین و هەمان ناومان هەیە، بە كوردییەكی جوان قسە دەكات و كەسێكی نەرم بوو، سەردانەكەی هیوابەخش بوو. پێم وایە هاتنی ئەو دەرفەتێكی باشە بۆ باشكردنی پێوەندیی كوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئێران.

مەسعود بارزانی ڕاشیگەیاند لە داهاتوودا گەلی كورد هەر دەگات بە سەربەخۆیی، بەڵام هیوادارم لە هیچ كاتێكدا بۆ ئەم مافە پەنا بۆ توندوتیژی نەبەین.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ تورکیا وتی، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ توركیا باشە و هیوادارم ببێتە هۆی ئەوەی ئاشتی لە ناوچەكەدا بەرهەم بهێنێت. ئێمە لە یەكتربینینە فەرمییەكاندا هەردەم لەسەر برایەتیی كورد و تورك سوور بووین، ئەمەش زمانێكی نوێیە لە توركیادا و پێشتر هەرگیز زمانێكی لەو جۆرە قەبووڵ دەنەكرا.

وتیشی، من بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2009 لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانم بیست كە ئەوان دەیانەوێت كێشەی كورد لە توركیادا چارەسەر بكەن.

بارزانی پێیوایە ئێستە كورد لە ناوچەكەدا ژمارەیەكی قورسە و هەرگیز ناتوانن جارێكی تر پەراوێزمان بخەن، هەڵبەت ڕێگەكە گوڵڕێژ نییە.

بارزانی لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە گوتی: من مرۆڤێكی بڕوادارم و خوا فەرموویەتی من مرۆڤم لەسەر دوو ڕەگەز دروست كردووە كە نێر و مێیە، بۆیە بڕیاری ترەمپ لەو بارەیەوە، بڕیارێكی شەرەفمەندانەیە و گەڕانەوەیە بۆ ویستی خوا.

مەسعود بارزانی لەبارەی هاتنەوەی داعش دەڵێت، ئەگەر بێنەوە، پێشمەرگە لە جاری پێشوو زیاتر ئامادەیە بۆ بەرەنگارییان. خۆشم هەتا بتوانم لەسەر پێیەكانم بڕۆم، پێشمەرگەی كوردستانم.

سەرۆكی پارتی پەیامێكی گشتی بۆ كوردی هەر چوارپارچەی كوردستان دەنێرێت و دەڵێت، دەبێت بیرتان بێت ئێوە خاوەنی دۆزێكی پیرۆزن و كۆڵی لێ نەدەن، بەڵام ڕێگەی توندوتیژی مەگرنە بەر بۆ ئەو ڕێگەیەتان. لە كۆتاییدا كورد نزیك یان دوور یەك دەگرێت و وێڕای گرێكان، بڕوای تەواوم هەیە كە ئەو ڕۆژە دێت و هەموو هێزی خۆم بۆ یەكگرتوویی هەموو كورد تەرخان دەكەم.

بارزانی هەڵوێستی خۆی دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێم و ڕۆژئاوا ئاشکرا دەکات
پت بارزانی هەڵوێستی خۆی دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێم و ڕۆژئاوا ئاشکرا دەکات
خەلیل دۆسکی: هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە بە بەغدا
دوات خەلیل دۆسکی: هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە بە بەغدا
پەیوەنیدر