وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند ئەو دوو پاسەوانەی لە سنووری زاخۆ کوژران، لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە تەقەیان لێ کراوە.
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لەکاتێکدا هێزەکانی سنووری عێراق ئەرکی پاراستنی سنووری عێراق و تورکیایان لە ناحیەی باتیفای سەر بە زاخۆ جێبەجێ دەکرد، لەلایەن ئەندامانی سەر بە ڕێکخراوی قەدەغەکراوی (پەکەکە)ەوە تەقەیان لێ کراوە.
ڕاشیگەیاند تەقەکردنەکە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو چەکداری لیوای 1ی فەرماندەیی سنووری ناوچەی یەک و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو.
وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاند هێزەکانی سنوور وەک هێڵی یەکەمی بەرگری لە عێراق دەمێنێتەوە.
پێشتر میدیای پەکەکە ڕایگەیاندبوو هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دراوە.